رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان "بە تووندی سەرکۆنەی بێڕێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد" دەکات و دەڵێت، دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەییە.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەی بێڕێزیکردن و سووتاندنی (قورئانی پیرۆز) دەکەین، کە لە وڵاتی سوێد لەلایەن ھاووڵاتییەک ئەنجامدراوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم رەفتارە دوورە لە بەھای مرۆڤایەتی و دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئاییندارییە، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتە، رێگریی یاسایی لەم شێوە رووداوانە بکەن و بکەری سەرەکیش رووبەڕووی دادگە بکەنەوە."
رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر، کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رێوشوێنە یاساییەکانیان لە دژى سەلوان مۆمیکا بەگوێرەى مادەى 14ى یاسای سزادانى عێراقى دەبێت.
مادەى 14ى یاسای سزادانى عێراقى تایبەت بەو تاوانانەى هاووڵاتیى عێراقى لە دەرەوەى وڵات دەیکات، کە دەشێت بە رەزامەندیى وەزارەتى داد بەدواداچوونى یاسایی بۆ بکرێت، ئەگەر سزاى کۆتایی لە دژى لەلایەن دادگەیەکى بیانى دەرکرابێت بە بێتاوانبوونى یان تاوانبارکردنى و سزاکەى بە تەواوى وەرگرتبێت، بەدواداچوونى یاسایى بۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو تاوانانەى کردوویەتی لەو وڵاتە سزاى لەسەر نەبێت، دەکرێت رێوشوێنى یاسایى لە دژى ئەو تۆمەتبارە لە دادگەکانى عێراق بگرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ