رووداو دیجیتاڵ
سەوزە و میوەی نێوخۆ عەلوەکانی پڕکردووە و رۆژانە زیاتر لە 6 هەزار تۆنی لێ هەناردە دەکرێت و نرخیش زۆر دابەزیوە. بەرپرسی عەلوەی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ پیازی خۆماڵی کیلۆی بە 100 دینارە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە 300 بۆ 400 بارهەڵگر سەوزە و میوە دەنێرنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بە تێكڕا هەریەکە و 10 بۆ 12 تۆن بەرهەمیان پێیە".
بەگوێرەی داتاکەی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، رۆژانە سێ بۆ چوار هەزار تۆن بەرهەمی نێوخۆی پارێزگای هەولێر دەنێردرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
پەتاتە، پیاز، شووتی، کاڵەک، خەیار، باینجان و کولەکە زۆرینەی ئەو بەرهەمانە پێکدێنن کە لە هەولێرەوە هەناردە دەکرێن.
هەر ئەمڕۆ دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی سەوزە و میوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بارهەڵگرانەی شتومەکی نێوخۆ دەبەن، رۆژانە لە بنکەی کشتوکاڵی عەلوەوە پشتگیری بۆ هەموویان دەکرێت، بۆ ئەوەی لە بازگەکان رێگرییان لێ نەکرێت".
لە عەلوەی سلێمانیش هەناردەی بەرهەمی نێوخۆ زیادیکردووە. سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناردە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و رۆژانە زیاتر لە هەزار و 200 تۆن بەرهەمی جیاواز دەنێرینە نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
بەگوتەی سەروەر عەلی، زۆرترین بەرهەمی سنوورەکە کە هەناردەی بکەن خەیار و کاڵەکە، کە دەگەنە هەزار تۆنی رۆژانە.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "نرخ زۆر دابەزیوە؛ ئەمڕۆ کیلۆی پیازمان داوە بە 100 دینار، تەماتە 200 دینار و باینجان 150 دینار".
لە پارێزگای دهۆک رۆژانە زیاتر لە 2000 تۆن سەوزە و میوەی سنوورەکە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ئەمڕۆ نووسراو بۆ هەناردەی دوو هەزار و 57 تۆن کراوە ببرێتە نێوەڕاست و خواروووی عێراق".
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی دهۆک بۆ رووداو، ئەم ساڵ تاوەکو سێی ئەمڕۆ، 74 هەزار و 142 تۆن سەوزە و میوەی ناوچەکە رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە.
بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لەکاتی پێگەیشتنی هەر جۆرێک سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێت.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "ئێستا بەشێکی میوەکان و بەتایبەت میوە مزرمەنییەکان نەبێت، هیچ بەرهەمێکی دیکە هاوردەی هەرێمی کوردستان ناکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ