شۆفێرێکی تەکسی لە هەولێر: هیچ کات وەکو ئێستا بێ ئیش نەبووین

30-06-2025
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
ژمارەیەک تەکسی لە هەولێر
ژمارەیەک تەکسی لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دواکەوتنی مووچە، جگە لە فەرمانبەران، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کاسبکاران و شۆفێرانی تەکسی دروستکردووە. شۆفێران دەڵێن، بەهۆی نەبوونی پارە لە دەستی خەڵکدا، کارەکانیان بۆ زیاتر لە نیوە کەمیکردووە و زۆربەی کاتەکانیان بە چاوەڕوانییەوە بەسەردەبەن.
 
لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان، سەدان تەکسی بەدوای سەرنشیندا دەگەڕێن، بەڵام وەکو شۆفێرەکان باسی دەکەن، "سەرنشین زۆر کەمبووەتەوە". شۆفێرێک دەڵێت، هیچ کات وەکو ئەم ماوەیە بێ ئیش نەبوون.
 
مام عەلی، شۆفێرێکی تەکسییە لە هەولێر و تەمەنی 58 ساڵە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جاران تاوەکو نیوەڕۆ گیرفانمان پڕ دەبوو، چونکە فەرمانبەر دەچوو بۆ دەوام و خەڵک دەرچوو بۆ بازاڕ. ئێستا لە بەیانییەوە لێرە وەستاوم، تەنیا دوو نەفەرم گەیاندووە. خەڵک پارەی پێ نییە تاکسی بگرێت".
 
دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، بووەتە هۆی وەستانی جووڵەی بازاڕ. ئەمەش کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر زۆربەی پیشەکان دروستکردووە، کە یەکێکیان شۆفێرانی تاکسییە، چونکە بەشێکی زۆری کڕیارەکانیان فەرمانبەران و ئەو کەسانەن کە بۆ کاری رۆژانە سەردانی بازاڕ و فەرمانگەکان دەکەن.
 
ئارام، گەنجێکی شۆفێری تەکسییە و دەڵێت، "پێشتر رۆژانە 30 بۆ 40 هەزار دینارم کار دەکرد، بەڵام ئێستا ئەگەر 15 هەزار کار بکەم، دەبێت سوپاسی خودا بکەم. کرێی خانوو و قەرزی دووکانی گەڕەک لەسەرمان کەڵەکە بووە. نازانین چی بکەین، ئەم ستێرنە ساردبووەتەوە و چاومان لە دەستی خەڵکە کە ئەویش گیرفانی بەتاڵە".
 
شۆفێرانی تەکسی چاویان لە بڕیاری حکومەتە بۆ دابەشکردنی مووچە، بەو هیوایەی دابەشکردنی مووچە، جارێکی دیکە خوێن بکاتەوە بە دەمارەکانی بازاڕ و جووڵە بگەڕێتەوە بۆ شەقامەکان و کارەکانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.