رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای مەندەلی دەڵێ، نزیکەی 390 ئاسکی دەگمەنی جۆری 'ریم' لە قەزاکە دیار نەماون و داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە دەکات. پۆلیسی دیالەش دەڵێت، لەو دۆخە ئاگادار نەکراونەتەوە.
عەلی زمەد زوهەیری، قایمقامی قەزای مەندەلی لە پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، بە رووداوی راگەیاند، لە کۆی زیاتر لە 400 ئاسکی جۆری ریم کە لە سرووشتی پارێزراوی قەزاکەدا هەبوون، تەنیا نزیکەی 10 ئاسک ماون و چارەنووسی 390 ئاسکی دیکەیان نادیارە.
قایمقامی مەندەلی کە 8 مانگە پۆستەکەی وەرگرتووە، گومانی ئەوەی هەیە کە ئاسکەکان "دزرابن یان بە قاچاخ فرۆشرابن"، بۆیە داوا لە لایەنە باڵاکانی حکومەتی عێراق دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە پێکبهێنن. ئەمانە پێشتر پەرژینیان بۆ کرابوو. لە نێوان کشتوکاڵ و رەزگەریی پارێزگاکە دا سەرپەرشتی دەکران. قایمقامەکە دەڵێت، کاتێک تازە بەدواداچوونی کردووە، دەرکەوتووە، پێش ئەوەی پۆستەکەی وەربگرێت، ئاسکەکان نەماون.
بە گوتەی زوهەیری، "ئەم دیاردەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر فرەچەشنیی ژینگەیی و پێویستی بە جووڵەیەکی خێرای لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان و پاراستنی ئەو سامانە ئاژەڵییە دەگمەنەی لە وڵاتدا ماوە."
عەقید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە دیارنەمانی ئەو ئاسکانە ئاگادارنەکراوینەتەوە."
قەزای مەندەلی، دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دەبێت بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور چارەنووسەکەی یەکلا بکرێتەوە.
ئاسکی ریم، کە بە ناوی زانستیی Gazella subgutturosa ناسراوە، یەکێکە لەو جۆرە ئاسکانەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە بیابان و نیمچەبیابانەکانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەژی. ناوی "ریم" لە زمانی عەرەبییەوە هاتووە و بە واتای "ئاسکی سپی" دێت کە ئاماژەیە بۆ رەنگە کاڵەکەی، هەروەها بە "ئاسکی لوودار" (Goitered Gazelle) یش ناسراوە بەهۆی تایبەتمەندییەکی دیاری نێرینەکەیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ