رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین رێژەی سایتەیشنی گەیشتە 100 هەزار. ئەو مامۆستایە دەڵێت: "70 توێژینەوەم هەیە و رێژەی سایتەیشنەکان لە نزیکەی 40 توێژینەوە هەژمارکراون".
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆفیسۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی لە پرۆفیسیۆری یاریدەدەر کارزان شێخ موحسین، مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین کرد و سوپاس و پێزانینی پێشکێشکرد، چونکە ژمارەی سایتەشنی 100 هەزاری تێپەڕاند".
رێژەی سایتەیشن دەریدەخات هەر مامۆستایەک چەندجار توێژینەوە یاخود گۆڤارەکانی وەک سەرچاوە لە جیهاندا بەکارهێنراون. هەر کەسێک توێژینەوەکە بەکاربهێنێت مامۆستاکە پۆینتێک وەردەگرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین سایتەیشنی بگاتە ئەو ئاستە. ساڵی 2023ش هەر خۆی توانی زۆرترین سایتەیشنی هەبێت کە گەیشتە 77 هەزار.
پرۆفیسیۆری یاریدەدەر کارزان شێخ موحسین بە رووداوی گوت: لە ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا لە کۆی نزیکەی 40 توێژینەوە 100 هەزار بەکارهێنەری هەبووە، "یەکەمجارە ئەم رێژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆماربکرێت".
ئەو مامۆستایە گوتی: "70 توێژینەوەم هەیە، رێژەی سایتەیشنی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاستی و ناوی زانکۆ دەبێت، دەبێتە هۆکارێک تاوەکو زانکۆی سەلاحەدین لە جیهاندا بناسرێت".
پرۆفیسیۆری یاریدەدەر کارزان شێخ موحسین، لە ساڵی 2005ـەوە وەکو مامۆستا وانە لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ