رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی قەتەری گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکەیان دەستپێدەکاتەوە. راگەیاندنی فڕۆکەخانەکەش دەڵێت: "گەشتەکانمان زیاد کردوون و کردوومانە بە هەموو رۆژێک".
رۆژی یەکشەممە، 2025-06-29، دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "2025-07-02 هێڵی ئاسمانیی قەتەری گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە و یەکی هەمان مانگیش فڵای دووبەی گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەکەمان دەستپێدەکاتەوە."
بە گوتەی دانا محەممەد، یەکەم گەشتی قەتەر کاژێر 04:30ـی بەرەبەیانی 2025-07-02 دەبێت. باسی لەوەش کرد: "پێشتر گەشتەکانی قەتەر هەفتانە پێنج رۆژ بوو، ئێستا کردوویانە بە رۆژانە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتی: "لە دوای ئاساییبوونەوەی گەشتەکانی عێراق، گەشتی شاهانەی ئوردنی و هێڵی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەکەمان ئاسایی بوونەتەوە."
ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن هێڵی ئاسمانیی قەتەرییەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نێردراوە، وا بڕیارە لە 2025-07-02 و هەموو رۆژانی هەفتە، گەشتە ئاسمانییەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەست پێ بکەنەوە".
بەهۆی هێرشی ئیسرائیل دژی ئێران، بەرەبەیانی 2025-06-13 ئاسمانی عێراق بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەدا داخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ