گەنجێکی کوردی ئێزدی گەڕێندرایەوە نێو کەسوکارەکەی

29-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رەوەند رەئووف، ئەو کوردە ئێزدییەی لە دەستی داعش رزگار کرا.
رەوەند رەئووف، ئەو کوردە ئێزدییەی لە دەستی داعش رزگار کرا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی کوردی ئێزدی دوای رزگارکردنی لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، گەڕێندرایەوە نێو کەسوکارەکەی لە شنگال.
 
رەوەند نایف، ناوی ئەو گەنجە رزگارکراوە ئێزدییەیە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 29-06-2025 گەڕێندرایەوە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنووری شنگال. 
 
رەوەند لەکاتی گەیشتنەوەیدا قسەی بۆ ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداو کرد و رایگەیاند: ''ئەو خۆشییەی ئێستا دەیبنیم، بە ژیانم خۆشی وەهام نەبینیووە.''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئێزدییە ئاماژەی بەوە کرد، لە شوێنێکی دەوربەری رەققە بووە لە سووریا. 
 
رەوەند نایف 03-08-2014 لەلایەن داعشەوە لەگەڵ 77 کەسی دیکە لە کەسوکارەکەی رفێندران. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوەکو ئێستاش هەر حەوت ئەندامەکەی دیکەی ئەو خێزانە بێسەروشوێنن.
 
هاوکات حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە رزگارکردنی ئەو گەنجە ئێزدییە رایگەیاند: ''ئەمە 38ـەمین رزگارکراوی ئەو 77 کەسە بوو کە هەموو کەسوکاری یەکدین.''
 
حوسێن قائیدی گوتی: ''دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە ئەم گەنجە لە سووریا لە شارێکی دەوروبەری رەققەیە، دەستبەجێ رێکاری پێویست گیرایەبەر بۆ رزگارکردنی و نزیکەی مانگێک هەوڵمان بۆ رزگارکردنی دا.''
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی گوتی: ''لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاری نووسینگەکە بەردەوام دەبێ تاوەکو رزگارکردنی سەرجەم رفێندراوان''.
 
حوسێن قائیدی دوایین ئاماری کار و چالاکیی نووسینگەکەی خستەڕوو و گوتی، لە کۆی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندران، سێ هەزار و 589 کەس رزگارکراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.