نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆک گەیشتە هەزار و 100 دینار

29-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەتەوە؛ لە هەولێر و دهۆک لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە هەزار و 100 دینار؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش لیترێک بە 900 دینارە. بازرگانان لە سنووری هەولێر دەڵێن، رێگە نادرێت بەنزین هاوردە بکەن. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، رێگرییان لەو کەسانە کردووە کە نازانن سەرچاوەی بەنزینەکەیان کوێ بووە. 
 
جەنگی مەجید، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە نۆرماڵ کە بەراورد بە پێشوو نرخەکەی زۆر بەرزبووەتەوە، لیترێک محەسەن هەزار و 200 دینار؛ سوپەریش دەگاتە هەزار و 350 بۆ 450 دینار".
 
جەنگی مەجید گوتی، هۆکاری گرانیی بەنزین کەمیی بەنزینە لە شاری هەولێر.
 
چەند بازرگانێک لە شاری هەولێر پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کردووە و دەڵێن، بەنزینیان هێناوە و رێگری دەکرێت بیهێننە نێو شار. خاوەنی بەنزینخانەیەکیش لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە رێگە نەدراوە یەک لیتر بەنزین بهێندرێتە نێو شاری هەولێرەوە".
 
لەو بارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خەڵک و بازرگانان بە هەڵە تێگەیشتوون و رێگری لە هیچ بازرگانێک ناکرێت بەنزین بهێنێتە هەولێر؛ هەندێک کەس خۆیان سەربەخۆیانە چوون بەنزینیان هێناوە بەبێ ئەوەی سەرچاوەکە و کوالێتی بزاندرێت، بۆیە رێگرییان لێکراوە".
 
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ رێگری لە بەنزینی قاچاخ و کوالێتیی خراپ، رێنوێنی هەیە و بڕیار دراوە کە هەموو کەسێک بتوانێت بەنزین هاوردە بکات. گوتیشی "هەرکەس دەیەوێت بەنزین هاوردە بکات، ئێستا داوا پێشکێش بکات و لەماوەی چەند کاژێرێکدا رەزامەندی وەردەگرێت، بەو مەرجەی رێنوێنییەکان پەیڕەو بکات و بزاندرێت لە کوێ بەنزینەکە دەهێنێت و کوالێتی چۆنە".
 
لە دهۆکیش نرخی بەنزین وەکو هەولێرە؛ موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی لیترێک نۆرماڵ بە هەزار و 100 دینار؛ محەسەن هەزار و 200 دینار و سوپەریش هەزار و 350 دینارە.
 
موحسین تەها ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کەمیی بەنزینە. گوتیشی، دابەزینی بەهای دیناریش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە.
 
لە سلێمانیش بەنزین بەرزبووەتەوە، بەڵام کەمتر لە هەولێر. بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە سلێمانی لیترێک نۆرماڵ بە 900 دینارە؛ محەسەن هەزار و 100 دینارە و لیترێک بەنزینی سوپەریش هەزار و 250 دینارە.
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەهمەن شێخ قادر گوتی، "بەنزین کەمە و دەستناکەوێت؛ ئەوەندەی ئاگاداربم بەرهەمهێنانی بەنزینی پاڵاوگەی کار لە هەولێر، فۆنێکس لە سلێمانی و بێجیش راگیراوە. ئێمەش چاوەڕوانین بزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان چی پلانێکی دەبێت".
 
هاوکات ئیسماعیل سەعید، خاوەنی بەنزینخانە لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیرتێک بەنزینی نۆرماڵ 900 دینارە و محەسەن هەزار و 75 دینارە. گوتیشی، "بەنزین زۆرکەمە؛ گرانمان نەکردووە، بەڵام کە تەواوبێت خۆمان بەو نرخە دەستمان ناکەویت کە ئێستا دەیفرۆشێنەوە".
 
پێش گرانبوونی نرخی بەنزین، لە سلێمانی و هەولێر و زۆرینەی شارەکانی دیکە لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 850 دینار بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.