رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای رووسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر باشووری رووسیا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و زیانیش بە ژێرخانی ناوچەکە گەیشتووە.
یوری سلیوسار، پارێزگاری هەرێمی رۆستۆڤ بە وەکالەت، لە پۆستێکدا لە تەلەگرام نووسیویەتی: "ئۆتۆمبێلێک لە شەقامی ئۆسترۆڤسکی زیانی پێگەیشتووە. بەداخەوە، ئەو شۆفێرەی تێیدا بوو، گیانی لەدەستدا."
پارێزگاری رۆستۆڤ گوتیشی، هێرشەکە چەندین شوێنی کردووەتە ئامانج، لەوانە سالسک، کامێنسک-شاخیتینسکی، ڤۆڵگۆدۆنسک، بۆکۆڤسکی و تاراسۆڤسکی.
بە گوتەی یوری سلیوسار پاشماوەی درۆنەکان لە وێستگەی سالسک کەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بە شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر و شەمەندەفەرێکی گواستنەوەی گەشتیاران گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی دیکەی لێنەکەوتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو بەرپەرچی 74 درۆنی ئۆکراینایان داوەتەوە.
هێرشەکانی ئۆکراینا لە کاتێکدایە کە کیێڤ هەوڵدەدات بەرپەرچی هێرشەکانی رووسیا بداتەوە، کە لەم دواییانەدا پێشڕەویی نوێی لەو ناوچانەدا کردووە، کە تا رادەیەکی زۆر لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکەی ساڵی 2022ـەوە پارێزراو بوون.
لە کۆتایی هەفتەدا، سوپای رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان "شارۆچکەی مالیێڤکا"یان لە دنیپرۆپێترۆڤسک "کۆنتڕۆڵ کردووە"، ئەمەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، کە یەکەم گوندیان لە هەرێمەکەدا کۆنترۆڵکرد.
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی "نزیکەی 10 بۆ 12 رۆژ"ی دایە مۆسکۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ