رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، لەگەڵ نووسینگەی کاروباری عێراقی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندوون "دەزانین کام لایەن هێرشە درۆنییەکانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام دەمانەوێت بە گفتوگۆ و ئاشتییانە کێشەکە چارەسەر بکرێت."
رۆژی سێشەممە،29ـی تەممووزی 2025، دلاوەر ئاژگەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ بەشی کاروبارەکانی عێراق لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە وئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەتەوە و لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەگشتی گفتوگۆیان کردووە.
دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، "ئێستا هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا وەکو جاران نییە کە تەنیا بیر لە بەهێزیی بەغدا بکاتەوە، بەڵکو هاوسەنگیی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەوێ، بەوپێیەی پێشتر وایاندەزانی بەهێزی بەغدا چارەسەری پرسی تیرۆر دەکات، بەڵام ئێستا دەڵێن دەبێ پەیوەندییان لەگەڵ هەولێر و بەغدا بە هاوسەنگی هەبێت."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەدات، ئەمڕۆ لەگەڵ بەشی کاروبارەکانی عێراق لە ئۆفیسی سیاسیەتی دەرەوە وئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا کۆبوونەتەوە و لەسەر هێرشە درۆنییەکان، پرسی نەوت و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان کردووە و پابەندیی هەرێمی کوردستانیان بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا راگەیاند، "بەڵام باسی ئەوەمان کرد کە لەم کاتەدا بە درۆن هێرش دەکەنە سەرمان".
دلاوەر ئاژگەیی گوتی، "ئێمە دەزانین هێرشکارەکان کێن، بەڵام دەمانەوێ بە ئاشتییانە و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، یەکێتیی ئەورووپاش بەدەمەوەهاتنی باشیان هەیە، چونکە ناسەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر ئەورووپاش دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ