رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی کە زیاتر لە مانگێک بوو راگیرابوو، دەستیپێکردووەتەوە و ئێستا خانەنشینان دەتوانن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بکەن.
رۆژی سێشەممە 29ی تەممووزی 2025 ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 21ی حوزەیرانەوە وەرگرتنی فۆڕمی نوێ بۆ دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان وەستابوو، بەڵام دوێنێ ئاگادارکراینەوە کە مامەڵەی خانەنشینان وەربگرین و تەواویان بکەین."
بە گوتەی بەڕێوەبەری خانەنشینیی دهۆک، زیاتر لە 2000 کەس لە پارێزگاکە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، "ئەوانەشی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە فۆڕم پڕبکەنەوە، دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن."
سێ مەرج بۆ سوودمەندبووان دیاریکراون؛ ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون. ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح دەڵێت، "دەستپێکردنەوەی وەرگرتنی فۆڕم بۆ خانەنشینان لەسەر راسپاردەی وەزیری شارەوانییە، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و هیچ وادەیەک بۆ راگرتنی دیارینەکراوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، تاوەکو 19ـی تەممووز، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 17,000، لە سلێمانی 6,577، لە دهۆک 1,000، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 1,241 و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2,474 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکەدا دابەشکراون.
رۆژی 9ی شوباتی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەمجارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێکردبوو.
رۆژی 27ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەدا دەرکرد کە پێشتر سوودمەند نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ