رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە هەولێر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوە. "جەختیان لە گەرەنتیکردنی شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان کردەوە."
رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆکی نێردەی ( یوونامی UNAMI) کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت: "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، جەختکردنەوە بوو لەسەر رێزگرتن و گەرەنتیکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و وەک قەوارەیەکی دەستووریی و فیدراڵی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جەختیان لە کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستیانە بۆ سەر ژێزخانی وزەی هەرێم[ی کوردستان] و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی کردەوە."
"لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، دووپات لە گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە." حکومەتی هەرێمی کوردستان وای گوت.
لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ