کەمال موسلیم: لە حەوت مانگدا قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان 2.5 ملیار دۆلار بووە

29-08-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا 2.5 ملیار دۆلار بووە، "داوا لە تورکیا دەکەین کارئاسانیی زیاتر بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکات."
 
بڕیارە سبەی چوارشەممە 30-08-2023 عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر وەزیرێک کە سەردانێکی وڵاتێکی دیکە دەکات، باسی کێشەکانی تایبەت بە وەزارەتەکەی خۆی دەکات؛ بە دڵنیایی باسی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و کێشە و گیروگرفتەکان دەکات. ئێمە پێشتریش لەگەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا و کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر کۆبووینەتەوە، داواکارییەکانمان هەمووی چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان و کارئاسانییە بۆ بازرگانەکان بەتایبەتی بۆ ڤیزا."
 
لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاش، وەزیری بازرگانی گوتی، "ئەوەی لای ئێمەیە، تاوەکو مانگی حەوتی ئەمساڵ، زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار بووە."
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لەبارەی کێشەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پرسیاری لە کەمال موسیلم کرد و لە وەڵامدا گوتی، "هیچ کێشەیەک لە ناردنی بەرهەم لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق و هێنانیش نەماوە."
 
کەمال موسلیم باسی پارەی گەنمی جووتیارانیشی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەبوو لەدوای رادەستکردنی گەنم لە 15 رۆژدا پارەکەی بدەن، بەڵام بەداخەوە دواکەوت. خۆیان دەڵێن: چاوەڕێی ئەوە نەبوون گەنمەکە ئەوەندە زۆربێت."
 
ئەمساڵ 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا کە بایی 411 ملیار دینار بووە، بەڵام تائێستا 126 ملیاری دراوە. بە گوتەی کەمال موسلیم، "وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەڵێنی داوە هەفتەی داهاتوو بڕێکی زۆر لەو پارەیەی ماوە بینێرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.