لە خەلیفان شەڕ لەنێوان چەند گەشتیارێک و خاوەن سەیرانگەیەک روویدا و 14 کەس بریندار بوون

29-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێ لە سەیرانگەیەکی دۆڵی ئالانە لە سنووری ناحیەی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، 14 کەس بریندار بوون.
 
کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی خەلیفان رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەڕەکە کەمێک لەمەوبەر بووە، 14 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەڕەکە لەسەر کرێی کەپرە گەشتیارییەکانی ناوچەکە بووە و شەڕەکە لە  نێوان گەشتیاران و خاوەنێکی کەپرە گەشتیارییەکان روویداوە.
 
لەبارەی دۆخی بریندارەکانەوە، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی خەلیفان گوتی: "دۆخی زۆرینەیان باشە، تەنیا دووانیان دەنێردرێن بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران".
 
ئەو 14 کەسەی برینداربوون بەشێکیان خەڵکی سنوورەکەن و بەشێکیشیان وەکو گەشتیار روویان لەو ناوچەیە کردووە.
 
بە گوتەی کاروان شێرزاد: "لە شەڕەکەدا چەک بەکارنەهێندراوە و ئەوەی بەکارهێندراوە ئاسن، دار و بەرد بووە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە