شاخەوان عەبدوڵڵا لە وەڵامی رێبوار تەها دا دەڵێت، زۆر کاری بۆ کەرکووک و باشووری کوردستان کردووە

29-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاخەوان عەبدوڵڵا، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەڵامی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە و دەڵێت، "لەبری ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو رەخنانە بکەن ئاراستەمان کردوون، ماوەی هەفتەیەکە پارێزگار و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەرکەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و سەرقاڵی وەڵامدانەوەی منن."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "باشتر وابوو لەبری ئەو وەڵامدانەوەیە، نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی کارەبا بکردایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروستکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کارەیان نەکردووە."
 
شەوى رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، رێبوار تەها گوتى، هەوڵیان داوە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کارەباى کەرکووک دابەشى سەر دوو زۆن بکەن، بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا ئەو بابەتەى بەستووەتەوە بە دۆسییەى خاک و خوێنى شەهیدان." گوتیشی، "یەک پرۆژەى ئەو برادەرەم پێبڵێن کە لە ماوەى ئەو ماوەیەی من پارێزگارم، بۆ کەرکووکى کردبێت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەک خاڵی نووسیوە و دەڵێت، ئەوانە بەشێک لە کار و پڕۆژەکانی بوون:
 
یەکەم: هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بووە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک دوای 20 ساڵ لە وەستانی.
 
دووەم: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لە ئەیلوولی 2021، سەرەتا لەسەر نووسینگە و دواتر لەسەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە کەرکووک، مەندەلی و خانەقین.
 
چوارەم: گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک کە پێشتر بە بیانووی "زێدەڕۆیی" بێبەش کرابوون. لە نیسانی 2022دا لە رێگەی نووسراوێکەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، بڕیاردرا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردن لەو گەڕەکانەدا جێبەجێ بکرێن.
 
پێنجەم: جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گەڕەکی پەنجا عەلی کە کێشەی کەمیی ئاوی لەو ناوچەیە چارەسەر کرد، لەگەڵ لێدانی چەندین بیر لە گەڕەکی رزگاری، کۆنکرێتکردنی سەدان کۆڵان، دابینکردنی دەیان گۆڕەری کارەبا و دروستکردنی شەقامی جووتسایدی پەنجا عەلی.
 
شەشەم: کاراکردنەوەی مادەی 140ی دەستوور دوای 12 ساڵ لە راگیرانی و دەستپێکردنەوەی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ ئاوارەکان.
 
حەوتەم: تێپەڕاندنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
 
هەشتەم: هەموارکردنەوەی هەردوو یاسای شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان.
 
نۆیەم: وەرگرتنەوەی 375 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015 و 2016 و جێگیرکردنی لە چوارچێوەی یاسای ئاسایشی خۆراک.
 
دەیەم: کارکردن بۆ نەهێشتنی سەربازگەی شۆراو و راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە گەڕەکە کوردنشینەکان.
 
یازدەیەم: تەرخانکردنی بودجە بۆ لیوای 20ی هاوبەشی سوپای عێراق و تەواوکردنی رێکارەکانیان کە لە ئەنجامدا بووە هۆی دامەزراندنی 3700 گەنج.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە، "ئەمانە بەشێکی کەمن لە پرۆژەکانی من، بەڵام با بەڕێزتان ئاماژە بەوە بکەن کە لە ماوەی ساڵێکدا جگە لە رادەستکردنی قەزاکانی دوبز و داقووق و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و کشتوکاڵی کەرکووک بە لایەنێکی دیاریکراو، چ پرۆژەیەکی دیکەتان بۆ کەرکووک کردووە؟"
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "خۆزگە لەپاڵ وەڵامدانەوەی ئێمە، وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی محەممەد تەمیم و حەلبوسیتان بدایەتەوە کە لەنێو کەرکووک و لە شارێکی زۆرینە کورد دا، سووکایەتییان بە حوکمڕانی و سەرکردەکانی کورد کرد."
 
ئەم لێدوان و وەڵامدانەوەیەی یەکدی لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا و رێبوار تەها لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 19ی ئەم مانگە شاخەوان عەبدوڵڵا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە بە  "پیلان"ی دانا و بە "کارەسات" ناوی برد.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، ژمارەیەک قەزا و ناحیەی کوردنشین و تورکماننشین لەڕووی کارگێڕیی کارەباوە دەخرێنەسەر قەزای حەویجە.
 
هەر زوو نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک وەڵامی دایەوە و گوتی، "رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنیا بۆ جیاکردنەوەی فەرمانگەی کارەبای حەویجەیە."
 
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش کردبوو، "دەبوو پەرلەمانتار شاخەوان عەبدوڵڵا دەقی نووسراو و رەزامەندییەکەی سەرۆکوەزیرانی بڵاوبکردایەتەوە، کە بە دڵنیاییەوە نووسراوەکەی لەلایە، بۆ ئەوەی هیچ تەمومژ و لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ بابەتەکە دروست نەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.