باوکی یەکێک لە بریندارەکانی ئاگرەکەی پێنجوێن: 74%ی جەستەی کوڕەکەم سووتاوە

30-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو گوندی هەڵاڵاوا و مەسۆ لە سنووری پێنجوێن گڕی گرتووە. دوو گەنجی خۆبەخش لەکاتی هەوڵدانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کران بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە نزیک نەخۆشخانەی سلێمانی باوکی یەکێک لەو بریندارانەی دواند و باسی لە دۆخی تەندروستی بریندارەکان کرد.
 
عەبدوڵڵا حوسێن، باوکی بێستوون، یەکێک لە بریندارەکان و دانیشتووی گوندی کواوایە لە پێنجوێن، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "ئاگرەکە لە پشتی گوندەکانی هەڵاڵاوا و مەسۆ کەوتەوە. گوندەکەی ئێمە هەندێک دوورە لەو ناوچەیە، بەڵام کوڕەکەی من و کاک ئالان یوسف بۆ هاوکاریکردنی تیمەکان چوونە ئەو ناوچەیە و بە بڵێسەی ئاگرەکە سووتان."
 
وەک عەبدوڵڵا حوسێن ئاماژەی پێدەکات، بێستوونی کوڕی 74% جەستەی و ئالان یوسف 56%ی جەستەی سووتاوە. گوتیشی، "ئالان دۆخی تەندروستی باشە، بەڵام بێستوونی کوڕم کێشەی هەناسەدانی هەیە و دۆخی جێگیر نییە."
 
عەبدوڵڵا حوسێن باسی لەوەش کرد، "ژووری چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە نییە، بەڵام بە هەوڵی پزیشکەکان کاریان بۆ دەکرێ و بەگوێرەی توانا خزمەتیان کردوون."
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا حوسێن، هەردوو گەنجەکە خێزاندارن و هەریەکە خاوەنی منداڵێکە.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە گوتی، "دیارنییە هۆکارەکە چی بووە، پێنجوێن پووش و پەڵاشی زۆرە و لەبەر ئەوەیە ئاگرەکە بەوجۆرە و بەخێرایی تەشەنەی کردووە؛ تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە و دەگوترێت زیاتر تەشەنەی سەندووە."
 
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەردوو گوندی هەڵاڵاوا و مەسۆ کەوتووەتەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان و دارستان سووتاوە."
 
هێمن ئیبراهیم گوتی، "دوێنێ ئێوارە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هاونیشتمانییە خۆبەخشەکانەوە توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێ، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە هەمان سنوور ئاگرەکە سەریهەڵدایەوە."
 
رۆژی 17ی ئەم مانگەش، ئاگرێکی گەورە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتەوە و کە بەهۆیەوە ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە