رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، رێککەوتنیان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پێدانەوەی کەناڵی زووم بە بەڕێوەبەرەکەی. بەڕێوەبەری کەناڵەکەش دەڵێت، "چاوەڕوانی هەنگاوی کرداریین".
دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ کاک قوباد رێککەوتنمان کردووە و کەناڵی زووم رادەستی بەڕێوەبەرەکەی دەکەنەوە".
کەناڵی ئاسمانیی زووم بە نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی دادەنرێت، کە 22ـی ئاب لە هۆتێل لالەزاری شاری سلێمانی دوای پێکدادانێکی زیاتر لە سێ کاژێری لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی دەستگیرکرا و هەمان رۆژ هێزێک کەناڵەکەشی داخست.
لەبارەی کاتی پێدانەوەی کەناڵی زووم، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ گوتی: "لە نزیکترین کاتدا رادەستیان دەکرێتەوە".
هەر ئەمڕۆ هەینی، هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گفتێک دراوە رادەستمان بکەنەوە و ئێمەش چاوەڕوانی هەنگاوی کرداریین".
بەگوێرەی سەنتەری میترۆ، زووم لە شوباتی 2022 دامەزراوە و مۆڵەتی لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق و حكومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە؛ کەناڵەکە بە فەرمی 25ـی حوزەیرانی 2024 پەخشی دەستپێکردووە و زیاتر لە 200 کارمەندی هەیە، هەروەها ناوەندی سەرەکییان لە سلێمانییە و نووسینگەیان لە شارەکانی هەولێر و بەغدا هەیە.
لە 08ـی تەمموزی 2021، لە رووداوێکی هاوشێوەدا کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هێزەکانی یەکێتی بارەگای تەلەڤزیۆنی ئای پڵەسیان کۆنترۆڵکرد، کە ئەوکات لاهوور جەنگی خاوەنداری دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ