رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی پێنجوێن راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵوەشانەوەی زیادکردنی ئاشکرای عەلوەی پێنجوێن بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەهۆی زۆریی ژمارەی بەشداربووان" نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت و بڕیاریان داوە دووبارە لە رۆژنامەیەکی فەرمیدا بانگەوازی بۆ بکەنەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی پێنجوێن رایگەیاندووە، "سەرلەبەری ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە هیچ کەس و هێز و لایەنێک پەلاماری شارەوانیی دابێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر یەکێک لە بەڵێندەرەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند، لە کاتی زیادکردنەکەدا لە باڵەخانەی شارەوانیی پێنجوێن، "دوو بەرپرسی دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خۆیان و پاسەوانەکانیان هاتوونەتە ژوورەوە و بە زەبری چەک پرۆسەکەیان هەڵوەشاندەوە و چەند پاسەوانێکیشیان میلی تفەنگیان هێنایەوە".
بە گوتەی یەکێک لە بەڵێندەرەکان، "سێ بەرپرسی حیزبی هەڵیانکوتاوەتە سەر زیادکردنەکە و بە زەبری چەک بڵاوەیان بە بەڵێندەرەکان کردووە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-09-2021 بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی قەزای پێنجوێن، دروستکردنی عەلوەی شارەکەی خستە زیادکردنێکی ئاشکراوە کە زیاتر لە 150 بەڵێندەر بەشداربوون، بەڵام بەهۆی دروستبوونی کێشەوە زیادکردنەکە هەڵوەشاوەتەوە.
ئەو بەڵێندەرە ئاماژەی بەوە کرد، "بەرپرسێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانیش بە هەمان شێوە هاتووەتە شوێنەکە، بەڵام نەهاتووەتە ناو باڵەخانەکەوە و لە حەوشەکەدا بوو". لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش ئەوەی خستەڕوو، "بەرپرسەکان بە سەرۆکی شارەوانیی پێنجوێنیان گوتووە، دەبێت تەندەرەکە بۆ ئەوان بێت و بە کەسی دیکە نەدرێت".
رەئوف رەشید، سەرۆکی شارەوانیی پێنجوێن قسەی بۆ رووداو کرد و ئاشکرایکرد، بەهۆی دروستبوونی کێشەوە، پرۆسەی زیادکردنە ئاشکراکە نەکراوە، "هەرچەندە گرفتەکە چارەسەر کراوە، بەڵام زیادکردنە ئاشکراکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و داواکاری گشتیش هاتووەتە سەر هێڵ و نوێنەری ناردووە".
زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئاگاداری رووداوەکە نییە و دەڵێت، "کاری تەندەر، راستەوخۆ شارەوانی خۆی دەیکات، ئەوەش زۆرجار کێشە دروستدەکات".
یەکێک لەو بەرپرسانەی کە چووەتە نێو بارەگای سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە. ئەو بە رووداوی گوت، "ئەو زیادکردنەی شارەوانیی پێنجوێن، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و شارەوانی راستییەکانی ئاشکرا کردووە، کاری من دەستخستنە نێو کاروباری حکومەت نییە و ئەوەی روویداوە کێشەی بەڵێندەرەکان خۆیان بووە".
عەتا سەراوی ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ هەڵۆ پێنجوێنی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و دلاوەر حاجی عوسمان، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ چوونەتە بارەگای سەرۆکایەتیی شارەوانی و "بە سەرۆکی شارەوانی و بەڵێندەرەکانمان گوتووە، چی پێویست بکات بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشەکە لە خزمەتتداین، بەڵام دیارە هەندێک لە بەڵێندەرەکان لە دەرەوەی پێنجوێن هاتبوون، ئەمەش بەڵێندەرانی خەڵکی پێنجوێنی نیگەران کردبوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ