رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە دەریاچەی دووکان خنکا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، تەرمەکەی دەرهێندراوە.
رۆژی هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023، رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێک لە دەریاچەی دووکان خنکا؛ دەستبەجێ تیمەکانمان تەرمەکەیان دەرهێنا".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە تەمەنی 21 ساڵ و ناوی مستەفایە و عەرەبە. گوتیشی، "هۆکاری خنکانەکە نازاندرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەو رێککەوتە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ