ئیمپایەر تاوەرز لەبارەی کێشەی ئاسانسوارەکانی پرۆژەکە: هەموویان دەگۆڕدرێن

29-09-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی پرۆژەی ئیمپایەر تاوەرز لە سلێمانی گلەیی لە خراپی ئاسانسواری پرۆژەکە دەکەن و دەڵێن، مەرجی سەلامەتی تێدا نییە و لە کۆی 6 ئاسانسوار لە هەردوو تاوەری پرۆژەکەدا تەنیا دوو دانەیان کار دەکەن. لێپرسراوی خزمەتگوزاری پرۆژەکەش دەڵێت، گرێبەستکراوە هەر 6 ئاسانسواری پرۆژەکە دەگۆڕدرێن.
 
پەری ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پرۆژەی ئیمپایەر تاوەرزە لە سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی گوت، پرۆژەی ئیمپایەر تاوەرز دوو تاوەری 35 نهۆمییە و هەر تاوەری سێ ئاسانسواری تێدایە، بەڵام ئێستا لەو تاوەری ئێمە تێیدا دەژین، تەنیا یەک ئاسانسواری کار دەکات و بەردەوام ئەویش کێشەی هەیە.
 
بەگوتە ئەو هاونیشتمانییە، چەندین جار دانیشتووانی پرۆژەکە سکاڵا و گلەیی خۆیان گەیاندووەتە بەشی خزمەتگوزاری پرۆژەکە، بەڵام کێشەکە هەر بەردەوامە و رۆژانە لەو باڵەخانە بەرزە کە 33 نهۆمە و هەر نهۆمی 5 شووقەی تێدایە واتا نزیکەی 165 شووقە چۆن دەتوانن تەنیا یەک ئاسانسوار بەکاربهێنن، کە لۆدێکی زۆری لەسەرە.
 
پەری باسی لەوەشکرد، ئەوان مانگانە 60 هەزار دینار وەکو پارەی خزمەتگوزاری[سکیوریتی، ئاسانسوار و ئاو] دەدەنە بەشی خزمەتگوزاری پرۆژەکە، کەچی دۆخی خزمەتگوزارییان بەو جۆرەیە و داواکارن لە لایەنی پەیوەندیدار کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، چونکە لەناکاو ئاسانسوارەکان دەکوژێنەوە و مەترسیین بۆسەر ژیانمان.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، "هەندێ جار ئاسانسوارەکان دەکوژێنەوە و کێشەیان هەیە، لە نهۆمێکەوە فڕێمان دەداتە نهۆمێکی دیکە، رۆژانە ئەم کێشەیە دووبارە دەبێتەوە."
 
زۆراب عەلی، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە ئیمپایەر تاوەرز لە سلێمانی  بە رادیۆی رووداوی گوت، ئێمە 5 بۆ 6 مانگە خزمەتگوزاری ئەم پرۆژەیەمان وەرگرتووە، بەگوێرەی گرێبەست دەبوو لە سێ مانگدا ئاسانسوارەکان بگۆڕدرێت، ئێستا هاوردەکراون و لە رێگەن.
 
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە ئیمپایەر تاوەرز لە سلێمانی  گوتیشی، هەر 6 ئاسانسوارەکە دەگۆڕدرێن، ئێستا کە کۆمپانیای تایبەتمەند بەو کارە هاوردەی کردوون و لە بەندەری بەسرەیە، چاوەڕیی گەیشتنیانین، چونکە لە 24 و 25ـی ئەیلوول گەیشتوونەتە بەسرە، لە ماوەی 15رۆژ دەگاتە سلێمانی، گۆڕینی هەر ئاسانسوارێکیش بەگوێرەی کۆمپانیاکە 10 رۆژی پێویستە.
 
لەبارەی کوژانەوە و کەوتنی ئاسانسوارەکان، زۆراب عەلی گوتی، "ئاسانسوارەکان کێشەی کوژانەوەیان نییە بەو جۆرەی باس دەکرێت، ئەگەر بکوژێتەوە لە نهۆمی خۆی یان نزیکترن نهۆم دەوەستێت، هەروەها ئەوە دەڵێن بەردەبێتەوە، شتی وا نییە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە