رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە یەک ملیۆن دینار پێبژاردن، سزادرا. ئەمەش بەهۆی راگرتنی لەسەر شۆستەی پردێک.
ئۆتۆمبیلەکە لەسەر شۆستەی ژێر پردێک راگیرابوو، ئەمەش دژی بڕیاری 296ـی ساڵی 1990ـە و دەبێت لەماوەی 24 کاژێردا ئەو بڕە پارەیە بدرێتە شارەوانیی کەرکووک.
فەلاح یایچڵی، قایمقامی کەرکووک لەوبارەوە دەڵێت، "شۆستەکان بۆ هاتووچۆی پیادەیە نەوەک راگرتنی ئۆتۆمبێل، دەتوانن شوێنی دیکە بۆ راگرتن بدۆزنەوە، لیژنەی چاودێری و رێکخستنی شارمان هەیە کە ژمارەکان دەنووسن و تۆماری دەکەن؛ هەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر شۆستە بێت جا حکومی یان مەدەنی سزای دەدەین."
پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک خۆی سزای دارایی ئەو شۆفێرانە دەدات کە ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شۆستە و شوێنی قەدەخەکراو راگرتووە.
هەرکەسێک خۆڵ و خاشاک لە جامی ئۆتۆمبێلەوە فڕێ بدات، یان لەسەر شۆستەکان ئۆتۆمبێل رابگرێت جگە لەسزای دارایی، بۆ ماوەی 10 رۆژ دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەش دا دەگیرێت.
عامڕ نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک باس لەوە دەکات، "توانیومانە بەگرتنە بەری ئەم رێکارانە شارەکەمان زیاتر جوان بکەین و یاسای تێدا جێبەجێ بکەین، تەنانەت ئەگەر پارچە کلێنسێک یان دەبەی ئاو لە جامی ئۆتۆمبێلەوە فڕێ بدەیتە سەر شەقام، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و ئەمە بۆ جوانی شارەکەیە."
لە 9 رۆژدا 327 ئۆتۆمبیل لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ و تیمەکانی قایمقامیەتەوە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەکان و فڕێدانی خۆڵ و خاشاک سزا دراون.
ئەحمەد عومەر، بەرێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، "ئەو ئۆتۆمبێلەی بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووک کە لەسەر شۆستەکە رایگرتووە، بە ملیۆنێک دینار سزا درا. لەبەرئەوەی ئەو شۆستانە هەموو تێکدەچێن کاتێک ئۆتۆمبێل بەسەریاندا دەڕوات یان رادەگیرێت و رێگر دەبێت لە هاتووچۆی پیادەی هاونیشتیمانییان."
ئەم رێکارانەی پۆلیسی هاتووچۆ و لیژنەکانی قایمقامیەتی کەرکووک لە کاتێکدایە، سەرەتای مانگی داهاتوو کامێرای چادێریکردنی شەقامەکان و دیارکردنی تیژۆیی لە شارەکە دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ