ورمێ لە بەرهەمهێنانی هەنگوین لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە

30-09-2025
سینا سۆما
پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەم ساڵی هەنگوینی شارەکە بگاتە 25 هەزار تۆن.
پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەم ساڵی هەنگوینی شارەکە بگاتە 25 هەزار تۆن.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک هەنگەوانن لە ناوچە کوێستانەکانی گوندی مەلیان لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ لە بناری چیای بۆزی سینا هەنگوین کۆدەکەنەوە. ورمێ لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە لە رووی بەرهەمی هەنگوینەوە.
 
فەرهاد گەردیپوور، هەنگەوانە لە ناوچەی دزەی مەرگەوەری ورمێ و دەڵێت، "ئەم ساڵ باران کەم بوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا ناوچەکەمان هیچ کات ئێمەی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاندووەتەوە. نزیکەی 10 ساڵە هەنگەکانمان دەهێنین بۆ ئێرە، سوپاس بۆ خودا هەنگوینی ئەم ناوچەیە باشە، پێویستی بە شەکر و هیچ شتێکی دیکە نییە." 
 
ورمێ لەڕووی بەرهەمهێنانی هەنگوین لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکرێ بەرهەمەکەی بگاتە زیاتر لە 25 هەزار تۆن.
 
 لە ڕووی کوالیتیشەوە، هەنگوینی ناوچەی مەرگەوەری ورمێ بە یەكێک لە باشترین جۆری هەنگوین لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت.
 
سەلیم عەبدوڵڵانەژادیان، هەنگەوان لە دزەی مەرگەوەری ورمێ ئاماژە بەوە دەدات، "سوپاس بۆ خودا هەنگوینەکەی لێرە 100٪ سرووشتییە. هەموو جۆرە گوڵ و گیایەک لێرە هەیە و هیچ پێویست ناکات شەکر بدەینە هەنگەکانمان. 100٪ سرووشتییە و لە بناری چیای بۆزی سینایە. لە ناوچەکەمان هەر گوڵێک کە بڵێیت هەیە و شیلەیەکی باشیان هەیە. ئێمەش ئەم هەنگوینە بە گەرەنتی دەدەینە خەڵک و هەر کەسێک کە دەیبات با بیباتە تاقیگە، ئەگەر شەکری تێدا بوو با فڕێی بدات."
 
بەشی زۆری ئەو هەنگوینەی لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دێت، لە بازاڕە نێوخۆییەکانی ورمێ و شارەکانی دیکەی ئێران دەفرۆشرێ؛ بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هەرێمی کوردستان دەکرێ.
 
سەلیم عەبدوڵڵانەژادیان باس لەوە دەکات، "بەشێکی هەنگوینەکە لە پارێزگاکە بەکاردەهێنرێت و ئەوەی دیکەش سوپاس بۆ خودا لە شارەکانی دیکەوە کڕیارمان هەن. تەنانەت لە کوردستانی عێراقیش کڕیارمان هەن و داوای هەنگوینمان لێدەکەن و بۆیان دەنێرین. هەمووشیان رازین و سپاس بۆ خودا ساڵ لە دوای ساڵ فڕۆشتنمان باشتر بووە."
 
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵەکانی 2022 و 2023 بەرهەمی هەنگوین لە پارێزگای ورمێ زیاتر لە 30 هەزار تۆن بووە، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
 
وشکەساڵی و زیاتربوونی تێچووی هەنگەوانی بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەرهەمی هەنگوین لە پارێزگاکە دادەنرێن.
 
فەرهاد گەردیپوور، هەنگەوان لە ناوچەی دزەی مەرگەوەری ورمێ دەڵێت، "تێچووی بەخێوکردنی هەنگ زۆرە، خەرجییەکانی دەرمان زۆرە. هەڵبەت ئێستا کاتی هەڵگرتن و کۆکردنەوەی هەنگوینە و ناتوانین دەرمان بدەینە هەنگەکانمان، بەڵام دوای ئەوەی هەنگوینەکەمان کۆکردەوە، دەبێ دەرمانیان بدەینێ، ببەینە گەرمیان و شوێنیان بۆ دروست بکەین. خەرجییەکانی زۆرە. بۆ نموونە یەک تەختە بە 12 هەزار تمەنە، دوو کیلۆی مووم دەگاتە 500 هەزار تمەن. تێچووی زۆرە."
 
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، زیاتر لە 6 هەزار کەس لە سنووری پارێزگاکە خەریکی کاری هەنگەوانین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.