رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، جمهوور رۆستەم محەممەد خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگاکە کرد. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کفری بە مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو."
رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تۆمەتبار جمهوور رۆستەم محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1964، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە "لە رووداوی کوشتنی دوو هاووڵاتی لە شارۆچکەی کفری لە 24-09-2025، کە ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە."
شەوی دووشەممە، 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە، بە گوللە کوژرا.
جمهوور حاجی رۆستەم، کە برای ئەکبەر حاجی رۆستەمە، رۆژی 24-9-2025 لە تۆڵەی کوژرانی براکەی، کوڕ و باوکێکی بە ناوەکانی عەزیز حوسێن و ئەحمەد عەزیز حوسێن کوشت.
عەقید عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جمهوور رۆستەم، لەدوای رووداوەکە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی کفرییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو، بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "لەلایەن پۆلیسی کفرییەوە دەست بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کراوە."
جومهوور حاجی رۆستەم، پلەی عەمیدی خانەنشینە و پێشتر جێگری فەرماندەی لیوای سێی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە.
بەپێی یاسا، شوێنی روودانی تاوان لەکوێ بێت، تۆمەتبار لەوێ دادگایی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ