رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی کاتەکەی نییە.
دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئەو کاتەی دیاری کراوە، کاژێر 12:00ی سبەی شەو دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین" بۆیە داوا لە قوتابییان دەکات، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە و پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
ماوەی 8 رۆژە زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی کارا کراوە و سبەی دوایین رۆژە. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەکە نییە، بەڵام هەموو ئەگەرێک هەیە".
ساڵانە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و نێودەوڵەتییەکان)، لە ماوەی دیاریکراودا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕ بکەنەوە و پێشکێشی بکەن؛ هاوکات دەرچووان دەبێت بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username و Password) سەردانی خوێندنگەکانیان بکەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمساڵ 57 هەزار و 980 قوتابیی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون؛ لەوانە 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
23ـی ئەیلوول زانکۆ لاین کارا کرا. ئەم ساڵ قوتابییان دەتوانن لە 680 بەشی 16 زانکۆدا، بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران) داواکاریی پێشکێش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ