رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاڵای حکومەتی سووریای لە دەروازەی سێمالکا بەرزکردەوە. بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، کارەکەیان نیشانەی باوەڕبوونیانە بە "یەکێتیی خاکی سووریا". بەرپرسێکی حکومەتی سووریاش دەڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ نەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی یەکشەممە بۆ یەکەم جار ئاڵای سووریای لە تەنیشت ئاڵای خۆی لە دەروازەی سنووری سێمالکا لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە.
مازن عەلووش، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەستەی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی حکومەتی سووریا، بە نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداوی راگەیاند، هاوئاهەنگییان لەگەڵ نەکراوە و هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریاوە لەو دەروازە سنوورییەدا نییە.
عەلووش گوتی: "ئەمە جووڵەیەکی تاکلایەنەیە لەلایەن هەسەدەوە."
هەر لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا، ئەمڕۆ مەحموود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بە نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە ئێمە باوەڕمان بە یەکێتیی گەل و خاکی سووریا هەیە".
بەرپرسەی مەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بە بەردەوامی هەیە و گوتیشی: "ئاڵای سووریا لە سەرجەم ناوەندەکانمان هەیە و هیچ گۆڕانێک لەو بارەیەوە رووینەداوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ