رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی فەرمانگەی کشتوکاڵی شاری مهاباد دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ سێو لە باخەکانی سنووری شارەکەدا بەراورد بە پار 25٪ کەمتر بێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، هیدایەت عەبدولی، بەرپرسی یەکەی باخەوانی سەر بە فەرمانگەی کشتوکاڵی مهاباد رایگەیاند، وەرزی رنینی سێو لە باخەکانی شارەکە دەستیپێکردووە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بەرهەم بگاتە نزیکەی 110 هەزار تاوەکو 115 هەزار تۆن.
بەرپرسی یەکەی باخەوانیی فەرمانگەی کشتوکاڵی مهاباد گوتی، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بەهۆی سەرما و بارینی تەرزەی وەرزی بەهارەوە سێوی باخەکانی مهاباد لەنێوان 20٪ تاوەکو 25٪ بەراورد بە پار کەمتر بێ.
بە گوتەی هیدایەت عەبدولی، لە سنووری شاری مهاباد 8 هەزار هێکتار باخی سێو هەن کە 7 هەزار و 470 هێکتاری بەبەرە و تێکڕای بەرهەمی سێو لە باخەکانی شارەکە نزیکەی 16 تۆنە لە هێکتارێکدا.
بەرپرسەکەی کشتوکاڵی مهاباد دەڵێت، 20٪ـی سێوی مهاباد لە بازاڕی نێوخۆی شارەکە دەفرۆشرێ و 80٪ـی رەوانەی شارەکان و پارێزگاکانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، بەشێکیشی هەناردەی دەرەوە دەکرێ.
لەڕووی زۆریی رووبەری باخەکانییەوە، مهاباد دوای شارەکانی ورمێ و سەڵماس لە ئاستی پارێزگای ورمێدا بە پلەی سێیەم دێت.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 800 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە سەرووی شەش ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت. هەروەها 122 هەزار هێکتار لە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە رەز و باخە کە زیاتر لە 65 هەزار هێکتاری کراوەتە سێو و بەرهەمی ساڵانەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆنە.
پارێزگاری ورمێ بە پایتەختی سێوی ئێران دەناسرێت و زیاتر لە سێیەکی سێوی هەموو ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ