رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لەبارەی تەندروستیی دکتۆر کازم فارووق، پەرلەمانتاری کوردستانەوە دەگوترێن و دەڵێت: "هەمووی درۆ و دەلەسەیە" و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئێستا "دکتۆر کازم لەگەڵ خێزانەکەی و دوو منداڵەکەی لە بەریتانیا دەژین." ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئەوکاتە دکتۆر کازم خۆی قسە نەکات، ئەو هیچ لەبارەی تەندروستییەوە ناڵێت و دەشڵێت: "دکتۆر کازم هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەماوە."
ماوەی چەند رۆژێکە باس لە تێکچوونی تەندروستیی دکتۆر کازم فارووق، پەرلەمانتاری کوردستان دەکرێت و رۆژی 27-10-2022، زوهێر فارووق، برای کازم فارووق، پەرلەمانتاری کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "تەندروستیی کازم جێگیر نییە و بە ئامێر هەناسە دەدات، پزیشکەکانی 72 کاژێریان بۆ دانا بۆئەوەی دڵنیا ببنەوە لە تەندروستی و لە چاودێریی چڕە."
ئەمڕۆ شەممە 29-10-2022، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رەوشی دکتۆر کازم فارووق و ئەو قسانەی لەبارەی تەندروستییەوە دەکرێت رایگەیاند: "هاوڕێمان دکتۆر کازم لە رۆژی 01-03-2022 لە فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشتی بەرەو بەریتانیا کردووە، لەو کاتەوە خۆی خێزانی و منداڵەکەی لە بەریتانیا دادەنیشێت."
بە گوتەی شاسوار عەبدولواحید، "هەموو ئەو قسە و قسەڵۆکانەی کە دەڵێن چووە بۆ هیندستان و باس لە چاندنەوەی جگەر دەکەن و رۆژێک دەڵێن، ددانی پێوە نەماوە و رۆژێک دەڵێن، قژی رووتاوەتەوە، رۆژێک دەڵێن، سورێنچک و رۆژێک دەڵێن، سپڵ؛ ئەمانە هەمووی درۆ و دەلەسەی میدیایە. ئەو قسانەی منیش ئاراستەی دکتۆر کازم نییە، چونکە دکتۆر کازم تائێستا خۆی هیچی نەگوتووە. بەڵکو میدیا لە خۆیەوە ئەو شتانەی بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی بەدوای بچێت، بەبێ ئەوەی کەس لێکۆڵینەوە بکات. هەموو ئەو قسانەی ئێمە بۆ بەدرۆخستنەوەی میدیاکانی دەسەڵاتە، بۆ شاگردەکانی دەسەڵاتە، بۆ ئەو پەرلەمانتارە 'علوجانەیە' کە لە پەرلەمانی کوردستان دروست بوون، هەر رۆژە و لەگەڵ حیزبێکدان.. دەسەڵات شتێکی دەداتێ لە ژێرەوە بە مەبەست ئیش بۆ دەسەڵات دەکەن و درۆ بڵاودەکەنەوە. بەداخەوە دەبووایە میدیا وردتر بووایە و وریاتر بووایە و بیزانیبا ئەو ئەزیزە لەکوێیە، گەشتی کردووە و گەشتی نەکردووە، لەکوێ نیشتەجێیە، نەشتەرگەری بۆ کراوە یان بۆی نەکراوە؟"
سەبارەت بە نەخۆشییەکەی دکتۆر کازمیش، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: "ئەو نەخۆشییەی کە لە سەرەتاوە باسکراوە، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان، من وەکو شاسوار وەکو سەرۆکی جووڵانەوەکە، خۆم و خێزانم و دایکم و هاڤەڵەکانمان لە ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان و بەغدا چەندین جار قسەمان لەگەڵ کردووە و لە ئەحواڵمان پرسیوە و لە ماڵەوە سەردانمان کردووە، خۆم پێم گوتووە بە سەر و ماڵ لە خزمەتی تۆدام، پێم گوتووە فڕۆکەی تایبەتت بۆ دەگرم رەوانەی دەرەوەت دەکەم ئەگەر پێویستت پێیەتی، ڤیزە بۆ خۆت و خێزانەکەت و منداڵەکانت هاوکارت دەبین ئەگەر شتێکمان پێبکرێت. ئەوەی لەسەر من بووە وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی بۆ هاوڕێیەکی خۆم، بۆ برایەکی خۆم، کردوومە و دەشیکەم لە دوای ئەمەوە."
سەبارەت بە مووچەکەشی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژە بە نووسراوێک دەدات کە لە 16-01-2022 بۆ کازم فارووق-یان ناردووە و باس لە ناوەرۆکەکەی دەکات و دەڵێت: "22 مانگە ئەو برا ئەزیزەمان، کە لە سەرەتاوە نەهێڵدرا بچێتە پەلەمان، لەوکاتەوە مووچەی وەرگرتووە تائێستا، هەژمارەکەی هێشتا ماوە و مووچەکەی دەچێتە سەر هەژمارەکەی، پێیان گوتووە هەژمارەکەی دابخات، بەڵام تائێستا دانەخراوە. ئێمە لە 16-01-2022 نووسراوێکمان ئاراستەی ئەو هاوڕێیەمان کردووە، لە بەشی دووەمی نامەکەی باسی ئەوەمان کردووە ئەو مووچەیە وەرنەگرێت و وەکو جووڵانەوەکەش دڵنیامان داوەتێ کە هەموو سەری مانگێک تەواوی مووچەی پەرلەمانتاری خۆتت لە بەشی ژمێریاری جووڵانەوەکە وەربگریت، نەک لەبری ئەوەی لە حکومەت و پەرلەمان وەریبگریت، چونکە ئەوە مافی خۆتە، بژێوی ژیانتە، جووڵانەوەکە ئەوکارە دەگرێتە ئەستۆی خۆی تاوەکو مووچەی بەڕێزت نەبێتە بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی و سبەی رۆژ نەیارەکانمان بە خراپی لێکدانەوەی بۆ نەکەن و نەگوترێت گوایە جەنابت دەوامت نەکردووە و مووچەت وەرگرتووە."
سەبارەت بەوەش کە دەگوترێت نەوەی نوێ ئەوەی راگەیاندووە کە دکتۆر کازم فارووق پەیوەندی بەوانەوە نەماوە، شاسوار عەبدولواحید گوتی: "ئەو ئەزیزە کە دەستی لە پەرلەمانتاری کێشاوەتەوە، لە دوای ئەوەوە بە هیچ شێوەیەک نە پەیوەندی بە ئێمە کردووە، نە برادەرەکانی، نە ئەنجوومەنی باڵا و نە بە هیچ کەسێکەوە. واتە کە دەڵێین پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە، خوانەخواستە ئەوە نییە ئێمە گوتبێتمان دەرمان کردووە. بەڵکو ئەو بەڕێزە بە هیچ شێوەیەک دوور و نزیک پەیوەندی نەکردووە بە هاوڕێکانی، تەنانەت هەندێک لە هاوڕێکانی گلەییان لێی هەیە و دەڵێن، هەندێک پەرلەمانتاری دیکە تەلەفۆنیان بۆ کردووە وەڵامی ئەوانی داوەتەوە، بەڵام وەڵامی هاوڕێکانی نەداوەتەوە."
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ داوایەک ئاراستەی دکتۆر کازم دەکات و پێی دەڵێت: "لە هەر شوێنێک بیت بەس ئامان قەت نەکەیت لەو دەسەڵاتە نزیک بیتەوە، چۆن پێشتر بەردەوام پێم دەگوتی لە پەرلەمانتاران و بەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی نزیک مەبەرەوە، ئێستاش هەمان بۆچوونم هەیە. مەهێڵە بەکارت بهێنن، مەهێڵە پارتی و یەکێتی و میدیاکانیان و هەندێک پەرلەمانتاری جاسووس کە لە ژێرەوە سەر بە دەسەڵات و سەر بە دەزگای پاراستن و زانیاری و ئاسایشن لەسەرەوە خۆیان وەکو پەرلەمانتاری ناڕازی و سەربەخۆ دەردەخەن، نەکەویتە داویانەوە، ئەوانە هەمیشە هەوڵ دەدەن خەڵک بێ هیوابێت، تۆ کوڕێکی بەڕێز و بە هەڵوێست بووی هەر لەسەر هەمان هەڵوێستت بمێنەوە، چیت پێویست بێت ئێمە لەگەڵتاین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لە هەر شوێنێک بیت بەس ئامان قەت نەکەیت لەو دەسەڵاتە نزیک بیتەوە."
هەر ئەمڕۆ شەممە 29-10-2022، فراکسیۆنی گۆڕان یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد و داوا دەکەن، لیژنەی تەندروستی رابسپێرن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی تەندروستیی کازم فارووق، پەرلەمانتاری کوردستان بکەن.
رزگار محەممەد، پەرلەمانتاری گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەبری ئەوەی هەر کەس بە دڵی خۆی لەبارەی تەندروستیی د. کازم فارووق قسە بکات و زانیاری بڵاوبکاتەوە، ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە بەدواداچوون لەبارەی تەندروستییەوە بکەن؛ کازم فارووق تائێستا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و ئەرکی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەی پەیوەندیدارە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی تەندروستی بکەن و هەرچی پێویستە بۆی بکەن."
کازم فارووق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بوو، بەڵام چەند مانگێکە لە میدیا دەرناکەوێت. زوهێری برای ئاماژە بەوە دەکات، "لە نەخۆشخانەیەکی هیندستان نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئێستاش لەوێ لەژێر چاودێریی چڕدایە."
رۆژی یەکشەممە 27ی شوباتی 2022 کازم فارووق، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کرد، بەڵام تائێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی نەخراوەتە دەنگدانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ