رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی جەنگی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، "دەیان" خێزانی کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە لوبنان گیریان خواردووە و رووبەڕووی دۆخێکی سەختی گوزەران بوونەتەوە. بە گوتەی چالاکڤانێکی کورد لە باشووری لوبنان، تاوەکو ئێستا دوو کوردی رۆژئاوا لە ئەنجامی هێرشەکان گیانیان لەدەستداوە و هیچ رێکخراوێکیش هاوکاریی پەنابەرە سووریایی و کوردەکان ناکات.
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کوردی دانیشتووی باشووری لوبنان رۆژی هەینی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشدار بوو کە وارشین ساڵح پێشكێشی کرد.
چالاکڤانەکە باسی لە رەوشی ژیانی کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە کرد. بە گوتەی مستەفا شێخۆ، پێشتر نزیکەی 400 خێزانی کورد لە باشووری لوبنان دەژیان، بەڵام بەهۆی جەنگەوە زۆربەیان بەرەو ناوچەکانی وەک بەیرووت و چیاکانی لوبنان رۆیشتوون یان گەڕاونەتەوە رۆژئاوای کوردستان و ئێستا تەنیا "نزیکەی 120 بۆ 130 خێزان" لە نێوان شارەکانی سوور و سەیدا ماون.
مستەفا شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خێزانە کوردانە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی عەفرینن، زۆربەیان کاری کشتوکاڵی و باخەوانی دەکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ناتوانن بچنە سەر کار و زۆربەیان بێکار ماونەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری نەگەڕانەوەیان بۆ عەفرین، مستەفا شێخۆ دەڵێت، کێشەی سەرەکی، داراییە، چونکە گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی ژیان لە عەفرین "پێویستی بە 4 بۆ 5 هەزار دۆلارە"، بەتایبەتی کە زۆربەی ماڵەکانیان لە عەفرین لەلایەن ئاوارە عەرەبەکانەوە داگیرکراون یان تاڵان کراون و وێران بوون.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم ئەم پەنابەرانە، جیاکاریکردنە لە دابەشکردنی هاوکارییەکان. مستەفا شێخۆ گوتی، رێکخراوەکان و حکومەتی لوبنان تەنیا هاوکاری، وەک پێدانی 300 دۆلار و خۆراک، دەدەنە ئاوارە لوبنانییەکان، بەڵام هیچ جۆرە هاوکارییەک پێشکێشی پەنابەرە سووریاییەکان، چ کورد و چ عەرەب، ناکرێ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگەوە نرخی کاڵاکان زۆر بەرزبووەتەوە، بۆ نموونە نرخی بوتڵێک گازی ماڵان لە 10 دۆلارەوە بووەتە 27 دۆلار.
ئەو چالاکڤانە کوردە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە کوردستانییەکان دەکات کە بە هانای ئەو پەنابەرانەوە بچن لە باشووری لوبنان گیریان خواردووە، چونکە بە گوتەی ئەو "زۆربەیان تەنانەت پارەی کڕینی نانیشیان پێ نەماوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ مستەفا شێخۆ:
رووداو: ئەم کاتەت باش. چەند خێزانی کورد لە باشووری لوبنان دەژین؟
مستەفا شێخۆ: بەڵێ ئەم کاتەی تۆش باش و سڵاو بۆ هەموو بینەرانی ئازیز. لە کاتی شەڕی 2006دا لێرە لانیکەم 400 ماڵی کورد هەبوون، ئەو پەنابەرانە بوون کە لێرە کشتوکاڵ و کاری جۆراوجۆریان دەکرد. بەڵام لەو کاتەوەی ئەم شەڕە دەستیپێکردووە، زۆرینەی عەفرینییەکان روویان کردە ئەو ناوچانەی کە ئاشتی و ئارامییان تێدایە، وەک بەیرووت، چیای لوبنان، تەرابلوس و بیقاع. ئەوانەی ئێستا لە باشوور ماون، گیریان خواردووە و ناتوانن دەربچن، یان بەهۆی رەوشی داراییەوەیە یان بەهۆی ئەو دۆخەوەیە کە ناتوانن دەربچن. نزیکەی 120 بۆ 130 ماڵ[ی کورد] لە باشووری لوبنان ماون. هەموو ئەمانەش لە نێوان دوو قەزادان؛ لە سوور-ەوە تاوەکو سەیدا و تاوەکو سنوورن.
رووداو: باشە. بەڕێز مستەفا، ئەو خێزانە کوردانە لە باشووری لوبنان چی کارێک دەکەن؟ ئێستا رەوش لە رۆژئاوای کوردستان ئارامە، بۆچی ناگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان؟
مستەفا شێخۆ: بەڵێ، زۆربەیان کاری کشتوکاڵی دەکەن. 90٪یان کاری کشتوکاڵی دەکەن یان لە پیشەسازییدا کار دەکەن، واتە بۆ نموونە ئاسنگەرن، دارتاشن، کاری لەو جۆرە دەکەن. بەڵام 90٪یان کاری کشتوکاڵی و باخەوانی دەکەن، وەک لە کێڵگەکانی پڕتەقاڵ، لیمۆ، مۆز، خانووی پلاستیکی، سەوزە، تەماتە، خەیار و کاری وا دەکەن. بۆچی ناگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان یان رۆژئاوای کوردستان؟ زۆربەیان، 95٪یان بێگومان خەڵکی عەفرینن، ئەو پەنابەرە کوردانەی لێرەن لە باشووری لوبنان، 95٪یان خەڵکی عەفرینن. ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە و هۆکارەکەشی زۆرە بۆ دۆخی ئەوان. یەکێکیان مەرجی داراییە، واتە تاوەکو دەگەڕێنەوە گوندەکەیان پێویستی بە خەرجییە. زۆربەیان بۆ نموونە ماڵەکانیان تاڵان کراوە. بێگومان چۆن بگەڕێنەوە؟ زۆربەیان تاوەکو ئێستا پەنابەری عەرەب لە ماڵەکانیاندان. بەهۆی ئەو دۆخەوە ناتوانن بڕۆن. بەڵام نزیکەی 100 ماڵ یان زیاتر گەڕانەوە. تاوەکو 120 بۆ 130 ماڵ گەڕانەوە.
بەڵام وەک گوتم، هۆکاری یەکەم داراییە، واتە بۆ نموونە هەر یەکێک کە ماڵەکەی سەرلەنوێ دروست بکاتەوە، لانیکەم 4 بۆ 5 هەزار دۆلاری پێویستە تەنیا بۆ کەلوپەلی نێو ماڵەکە. بۆ نموونە ساردکەرەوە، جلشۆر و شتی وا. سەرباری ئەوەش، ئاوارە عەرەبەکان کە چوونەتە نێو ماڵەکانیان، ماڵەکانیان تاڵان کردوون، وێران کراون، تەنانەت وایەری کارەباش لە ماڵەکەی دزراوە... ئەمەیە دۆخەکە... بگەڕێتەوە ماڵەوە بێگومان چۆن ماڵەکەی سەرلەنوێ دروست بکاتەوە؟ دەرگا نییە، پەنجەرە نییە... بێگومان دەبێت لە سفرەوە دەستپێبکاتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە ناتوانن.
رووداو: تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، چەند کورد گیانیان لەدەستداوە؟
مستەفا شێخۆ: تاوەکو ئێستا لەم شەڕەدا دوو کەس شەهید کراون. یەکێکیان خەڵکی ئیسکا بوو، یەکێکی دیکەشیان لە گوندی حەج خەلیل بوو، لە عەفرین، ئەوان گیانیان لەدەستدا. لە سوور ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی عەین ئەباعل، لای بەنزینخانەیەک کە پێی دەگوترێت "لوبنانی سەوز"، ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 4:00، سێ کەس شەهید کران، هەرسێکیان منداڵ بوون.
رووداو: ئەو سێ منداڵەش کورد بوون؟
مستەفا شێخۆ: وەڵڵا پەنابەر بوون.
رووداو: ئێوە ئێستا کە وەک کورد لەوێن... کاتێک بۆردوومان روودەدات، چۆن خۆتان دەپارێزن؟ ئایا ماڵەکانتان سەلامەتن؟
مستەفا شێخۆ: هیچ ماڵێک سەلامەت نییە. نازانیت کێشەکە لە کوێ روودەدات. ئێمە لە نێوان سەیدا و سوورین، نێوان ئێمە و سەیدا نزیکەی 10 کیلۆمەترە، 6، 7، تا 10 کیلۆمەترە. ئێمە لە ماڵەوەین، دەنگی فڕۆکەکان لە ئاسمانی لوبنان کەم نابێتەوە، لە باشووری لوبنان کەم نابێتەوە. تۆ نازانیت... پێنج خولەکی دیکە چۆن دەبێت نازانیت، واتە چارەنووست نازانیت... بەڵام ئێمە لە ماڵەوەین و...
رووداو: واتە ئێوە ناچنە سەر کارەکانتان. چۆن بژێویی ژیانتان دابین دەکەن؟
مستەفا شێخۆ: نەخێر. نزیکەی 80٪ بۆ 90٪ کارەکان نەمان، واتە کەم دەچنە دەرەوە بۆ کارکردن. بەڵام بەداخەوە هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، هیچ رێکخراوێکی دەوڵەتی لوبنان یان سووریا یان هیچ کەسێک پشتگیریی پەنابەرە سووریاییەکانی نەکردووە لێرە، چ کورد و چ عەرەب. واتە بۆ نموونە، ئاوارەکانی باشوور کە چوونەتە بەیرووت، بە هەر یەکێکیان 300 دۆلاریان داوە، بە هەر ماڵێک خواردنیان دەدەن، کارتی فریاگوزارییان دەدەنێ، بەڵام فریاگوزاری بە سووریاییەکان نادەن بەداخەوە، چ عەرەب بێت چ کورد بێت. هەروەها هیچ رێکخراوێکی کوردی و نێودەوڵەتی و هیچ وڵاتێک نەیتوانی پشتیوانی یان هاوکاریی پەنابەرە سووریاییەکان بکات.
رووداو: واتە هاوکاری پێشکێشی خەڵکی لوبنان دەکرێت، بەڵام بۆ خەڵکی سووریا چ کورد چ عەرەب بێت پێشکێش ناکرێت؟
مستەفا شێخۆ: پەنابەرانی باشوور[ی لوبنان] کە لە سنوورەوە هاتوونەتە ژوورەوە، واتە پێش سەرەفەند، عەدلۆن، سەکسەکیە و غازیە، ئەوانەی لە سنوورەوە هاتوون و چوونەتە بەیرووت؛ پەنابەرە لوبنانییەکان کە لە گوندە سنوورییەکان دەرچوون، خزمەتی ئەوانیان کرد و هاوکارییان دەکرێت. ئەوان پارەیان پێدرا، فریاگوزارییان پێدرا، هەموو شتێکیان پێدەدرێ. بەڵام سوورییەکان لە بەشە کورد و عەرەبەکەدا، تاوەکو ئێستا کەسێک ئەوەی نەکردووە، واتە هیچ کەسێک هاوکاری یان پشتگیریی نەکردوون. بە هیچ شێوەیەک. کار و ئیشیش نییە.
رووداو: تۆ گوتت کە بۆ پێداویستییەکانتان و خواردن دەچنە دەرەوە. ئێستا خواردن، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان لەو شوێنەی لێی دەژین دەست دەکەون؟ ئەگەر دەستدەکەون ئایا نرخیان گونجاوە یان لەم شەڕەدا گران بووە؟
مستەفا شێخۆ: بەڵێ، هەموو شتێک هەیە. بەڵام نرخیان زۆر بەرزە. بۆ نموونە، دەبینین بوتڵێک گازی ماڵان پێشتر 10 دۆلار بوو لە پێش شەڕەکە، ئێستا گەیشتووەتە 26 بۆ 27 دۆلار. خواردن گران بووە. هەموو شتێک گران کراوە، بەتایبەتی لە باشوور. ئەم قەیرانە دروستکرا و گرانبوونێک دروست بووە و هیچ کاریش نییە. واتە پەنابەرە کوردەکان لێرە، زۆربەیان تەنانەت پارەی نانیشیان نییە.
رووداو: ئێوە داواکارییەکانتان لە حکومەتی سووریا یان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یان لە لایەنە کوردستانییەکان چییە؟
مستەفا شێخۆ: من لە حکومەتی سووریا نا، بەڵکو لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە کوردییەکانیش دەخوازم کە پشتگیریمان بکەن، کە بتوانن هاوکاریی کورد و عەرەبەکانی لێرە بکەن، واتە ئیش نییە، کار نییە...
رووداو: بە هیوای سەلامەتی و ئارامی بۆ ئێوە، بەڕێز مستەفا شێخۆ، چالاکڤان لە باشووری لوبنان لەگەڵمان بوو، دەستخۆش.
مستەفا شێخۆ: سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ