لە کەرکووک بەهۆی رێگرییەوە بەرهەمی جووتیارانی کورد لە بازگەکاندا تێکدەچن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
رێگری لە بەرهەمی جووتیارانی کورد دەکرێت لە بازاڕەکان ساخ بکرێنەوە
رێگری لە بەرهەمی جووتیارانی کورد دەکرێت لە بازاڕەکان ساخ بکرێنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی چنین و پێگەیشتنی بەرهەمە. لە گوندی سەربیری سەر بە ناحیەی پردێ، جوتیاران لە ناو خانوو پلاستیکییەکانیان دا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەم ساڵیانن. بەڵام دیمەنی گەشییان، لە بازگەکانی کەرکووک دەگۆڕێت؛ لێرە خۆشیی پێگەیشتنی بەرهەم، جێگەی خۆی بۆ خەمی گەیاندنی بە بازاڕ چۆڵ دەکات.
 
نەجات سەلام، جووتیارێکە لە سنووری کەرکووک و دەڵێت: "ئێمە جووتیارین، خەیارمان تازە پێگەیشتووە، پەتاتە و کەلەرم و قەڕنابیتمان هەیە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناهێڵن بیبەینە کەرکووک."
 
سەتان بارهەڵگر لە خاڵە گومرگییەکانی کەرکووک ریزکراون. مەرجی دەربازبوونی نووسراوی فەرمیی هۆبەی کشتوکاڵییە، بەڵام بۆ جووتیاری کورد، تەنانەت نووسراوەکە و ناسنامەی جووتیارییش فریایان ناکەوێت. بارهەڵگرەکان شەو و رۆژ دەمێننەوە، ئەوەش وای کردووە بەرهەمەکان لە ناو لۆرییەکان دا بەرەو تێكچوون بچن.
 
سوبحی محەممەد، جووتیارە و گوتی: "ئەگەر بە 8 کاژێر بۆ 10 کاژێر دەربچین، دەڵێین خودایە سوپاس بۆ تۆ کە دواناکەوتین."
 
محەممەد ئاغا، جووتیارێکی دیکەیە باس لەوە دەکات: "نووسراوی هۆبەی کشتوکاڵمان بۆ دەکەن بۆ سێ رۆژ، کە دەچینە بازگەکە ئێمە و لۆریی گومرگ تێکەڵ دەکرێین و رادەگیرێین."
 
کێشەی جووتیارانی کەرکووک تەنیا راگرتنیان نییە لە بازگەکان؛ بەڵکو تێکەڵکردنی بەرهەمی ناوخۆیە لەگەڵ بەرهەمی هاوردەکراو. لە کاتێکدا دەبێت بەرهەمی ناوخۆیی هاندەر بێت، بەڵام لێرە جووتیار دەبێت لە بازگەیەکەوە بۆ بازگەیەکی دیکە، "شکاندنی قۆڵی" سیاسی و ئیداری تاقیبکاتەوە.
 
لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پەنجە بۆ کێشەیەکی قووڵ رادەکێشرێت؛ ئەویش "فرە هێزی" و نەبوونی یەک بڕیارە لە بازگەکان دا، کە وای کردووە جووتیار نەزانێت مامەڵە لەگەڵ کێ دا بکات.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: "رەنگە ئێمەش نەزانین هێندە لایەن زۆر بوون، نازانین لەگەڵ کێ قسە بکەین. دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. بەداخەوە لە هەموو قۆناخەکان کێشە بۆ جووتیار دروست دەبێت؛ لە کاتی کێڵان، لە کاتی خاوەندارێتیی زەوی و لە کاتی پارەی گەنم دا. داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین خۆی بێتە سەر هێڵ."
 
بۆ جووتیارانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، تەنیا بازگەکان بەربەست نین؛ کێشەی زەویوزار، گەیاندنی پەین و بنەتۆو، و تەنانەت رێگری لە دروێنەکردنیش، ئەو زنجیرە کێشانەن کە ساڵانە لەگەڵ سووربوونی خەیار و زەردبوونی گەنم دا، سەر هەڵدەدەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە