رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری موقەدەم پوشۆ دەکات کە لە شەڕەکەی چیای قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بریندار ببوو، رۆژی شەممە، 28-10-2023 شەهید بوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەسوکاری جێگری فهرماندهی لیوا، موقهدهم پوشۆ، قسەی کرد و پرسه و سهرهخۆشى له خانەوادەی خوالێخۆشبوو كرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی "هاوسۆزى و هاوخهميى قووڵى خۆى لهگهڵ خانهواده و كهسوكارى شههيد موقهدهم پوشۆ دهربڕى و قوربانیدانی خانهوادهی شههید كه چهندین شههیدی دیكهیان لهپێناو رزگاریی كوردستاندا بهخشیوه بهرز نرخاند و هیوای خواست یەزدانی مەزن گیانی شەهید بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت."
موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، دوای شەش رۆژ لە برینداربوونی لە شەڕەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، دوێنێ (28-10-2023) "کاژێر 07:30ـی بەیانی" لە نەخۆشخانەی "شاری راوێژکاری پزیشکی" لە هەولێر شەهید بوو، بەوەش بوو بە چوارەم شەهیدی شەڕەکەی سنووری مەخموور.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لای خۆیانەوە خانەوادەی شەهید پوشۆ سوپاس و پێزانینیان بۆ پەیوەندی و سەرەخۆشی و هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
رۆژی 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لە چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە؛ دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
دواتر هێزەکانی پێشمەرگە داوایان کرد ئەو خاڵانە بەوان بسپێردرێن یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، بەڵام لەو بارەوە رێکنەکەوتن و کاژێر 4:00ـی ئێوارەی 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبوو بەهۆیەوە چوار پێشمەرگە شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بریندار بوون.
ئەو رۆژەی شەڕەکە روویدا، عەقید قەهار جەوهەر قەهار، فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ی پیادە و هاوڕێ جەوهەر رەحمان شەهیدبوون؛ هەروەها دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە شەهیدبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ