رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی یەکەم فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستپێبکات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و 720 شوێنیان بۆ جووتیاران و فرۆشیاران ئامادە کردووە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 02-11-2023 فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستپێبکات و سێ رۆژ بخایەنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئۆکتۆبەری 2023 ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە. فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:0ی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، 720 شوێنیان بۆ جووتیاران و فرۆشیاران ئامادە کردووە. لەبارەی بەرهەمەکانیشەوە گوتی، "50%ی فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە هەنار و ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی لەکاتی پێگەیشتندان، نیوەکەی دیکەی تایبەتە بە کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن تەواوی بەرهەمەکان نێوخۆیی بن."
جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان، توو، سرکە، هەنگوین و دۆشاو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن.
ستار مەحموود دەڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ شارەوانی و هاتووچۆی هەڵەبجە کردووە بۆئەوەی ئەمساڵ کەمترین قەرەباڵخی و ئاستەنگیی هاتووچۆ بۆ سەردانیکاران دروست ببێت و دەیانەوێت بە شێوەیەکی رێکوپێک فێستیڤاڵەکە بەڕێوەببەن.
هەناری هەڵەبجە بەناوبانگە و نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لەو پارێزگایەدایە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، ساڵی رابردوو بەرهەمی هەناری هەڵەبجە کەمتر لە نیوە بووە و نزیکەی 11 بۆ 12 هەزار تۆن بووە. گوتیشی، "نۆ هەزار دۆنم زەوی باخی هەنار لە هەڵەبجە هەیە، ئەگەر بەرهەم 100% بێت ئەوە ساڵانە 30 هەزار تۆن بەرهەمی هەناری هەڵەبجە دەبێت".
فێستیڤاڵی هەنار ساڵی رابردوو 24 و 25ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، بەگوێرەی خەمڵاندنی ئامادەکارانی فێستڤاڵی هەنار لە ساڵی 2022، زیاتر لە 200 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و ئەمساڵ پێشبینی دەکەن، هەمان ژمارە و یان زیاتر سەرانی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ