رووداو دیجیتاڵ
ئەو بەربژێرەی بەرەی تورکمانی عێراق، کە مشتێک خۆڵی کەرکووکی پێشکێشی دەوڵەت باخچەلی کرد دەڵێت، مەبەست لەو کارە پەیامێکی کولتووری بوو نەک سیاسی.
ماردین تەحسین گۆک قایا، بەربژێری ژمارە 2 لە لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو لە پارێزگای کەرکووک، لەکاتی سەردانی بۆ تورکیا لە رۆژی 23ـی ئەم مانگە، لە پەیجی فەیسبووکی خۆی دیمەنێکی ڤیدیۆیی خۆی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەندێک خۆڵی کەرکووک لەنێو شووشەیەکدا وەک دیاری پێشکێشی باخچەلی کرد.
ئەو کات ماردین تەحسین گوتی: "ئەمە مشتێکە لە خۆڵی خاکی پیرۆزی کەرکووک، پێشکێشتان بێت، چونکە دەزانم بەڕێزتان چەندە بایەخ بەم خاکە دەدەن". لە بەرامبەردا باخچەلی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گۆک قایا دەربڕی و هیوای خواست لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتووبێت و گوتی، "پشت بەخوا لە پەرلەمان دەتان بینم".
ئەو ڤیدیۆیە کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا. ماردین گۆک قایا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڵاوکراوەیەی مشتومڕی ناوەتەوە، مەبەستێکی کولتووری هەبووە و هیچ لایەنێکی سیاسی یان ناکۆکییەکی تێدا نەبووە.
گۆک قایا گوتی: "ئەو ڤیدیۆیە خۆم بڵاوم کردووەتەوە. ئەگەر مەبەست یان ئاراستەیەکی نالەباری تێدابووایە، هەرگیز بڵاوم نەدەکردەوە، بەڵام هەندێک کەس، بەداخەوە، هەوڵدەدەن لە ئاوی لێڵدا ماسی بگرن و هەر شتێکی کولتووری یان سیمبوولی لە گۆشەنیگایەکی سیاسی تەسکەوە بخوێننەوە."
ماردین گۆک قایا روونیشیکردەوە: "ئەوەی من کردم، هەنگاوێکی سیمبوولی بوو کە قووڵایی پەیوەستبوونی کولتووریی نێوان تورکمانەکانی عێراق و بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا دەردەبڕێت، نەک هیچ مەودایەکی سیاسی یان جیۆسیاسی، چونکە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، لە بنەچەدا تورکمانە و خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ شاری کەرکووک و مێژوو و کولتوورەکەی هەیە."
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسیی خۆی، ماردین تەحسین گۆک قایا، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقە جەختی کردەوە: "هەڵوێستی من روون و جێگیرە لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و گەلەکەی. ئێمە وەکو تورکمان، پردێک بووین و دەبین کە عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەجۆرێک کە بە پلەی یەکەم لەپێناو بەرژەوەندییەکانی عێراقدا بێت."
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ تورکیا، گۆک قایا گوتی: "پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئێستاوە نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەی پەیوەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئاساییدا بوو و هیچ ئاراستەیەکی هەڵبژاردنی لەخۆ نەگرتبوو."
بەرەی تورکمانی عێراقی بە 24 بەربژێر لە کەرکووک بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە، گۆک قایا جەختی کردەوە: "کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان تاوەکو ئێستا تاڕادەیەک ئارامە، سەرەڕای هەندێک هەوڵی هاندان کە ئێمە لە بەرەی تورکمانی بە ژیری و بەرپرسیارێتییەوە رووبەڕوویان بووینەتەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بووە لە کەرکووک."
پارێزگای کەرکووک، خاوەنی 12 کورسیی پەرلەمان و کورسییەکی کۆتای کریستیانەکانە. ژمارەی گشتیی بەربژێرەکان لە کەرکووک 249 کەسە، کە 173یان پیاو و 76یان ژنن. بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
لەم هەڵبژاردنەدا، عەرەبەکان بە 7 لیست و هاوپەیمانیی عەرەبی بە گەرموگوڕییەوە دەستیان بە بانگەشە کردووە لە کەرکووک، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی، هاوپەیمانیی عەزمی عێراق (عەزم) بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی، هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری، پارتی عومران، هاوپەیمانیی نیشتمانیی هۆزایەتی لە عێراق و حیزبی رەفعەی نیشتمانی، هەریەکەیان چاویان لە کورسییەکانی کەرکووکە.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، چوار کورسیی پەرلەمان بەر عەرەبی کەرکووک کەوت، بەڵام دۆخی ئێستای کەرکووک جیاوازە، چونکە ئەو کات پۆستی پارێزگار لای راکان جبووری بوو، ئێستا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخراوەتەوە.
لایەنە کوردستانییەکان بە پێنج لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 24 بەربژێر، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 24 بەربژێر، نەوەی نوێ بە 7 بەربژێر، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە 5 بەربژێر و بەرەی گەل بە 5 بەربژێر.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، لایەنە کوردستانییەکان شەش کورسییان بەدەستهێنا، سێ کورسی بۆ یەکێتی، دوو کورسی بۆ پارتی و کورسییەکیش بۆ نەوەی نوێ.
تورکمانەکان بە دوو لیست بەشدارییان کردووە: بەرەی تورکمانیی عێراقیی یەکگرتوو و هاوپەیمانیی رزگارکردنی تورکمانی کەرکووک (کە تورکمانە شیعەکانن).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ