رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی یەکەم قۆناخی کردەیی چاندنی دار لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێبکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە چاندنی دارێک "گەورەترین پڕۆژەی سەوزایی و ژینگە لە شاری هەولێر دەکرێتەوە".
بڕیارە هەمان رۆژ زیاتر لە سێ هەزار دار بچێندرێن.
هێمن سەید موراد گوتی: "هەموو ئامادەکارییەکانی وەکو تەختکردنی زەوی، پڕۆژی ئاو و هەڵکەندن تەواوکراون و تەنیا چاندنی دارەکان ماون."
هەموو شتێک لەبارەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر
قۆناخ بە قۆناخ شوێنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر ئامادە کرا، تەلبەندکردن و پاککردنەوە لە زبڵ و خاشاک، یەکەمین هەنگاوی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی ئەو پڕۆژەیە بوو.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی بازنەیی 150 مەتری. بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی 92 کیلۆمەتر بە داری زەیتوون و فستق سەوز دەکرێت.
پڕۆژەکە بە 8 قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەم رووبەری دوو هەزار و 800 دۆنمە و تاوەکو 12 هەزار و 600 دۆنم درێژدەبێتەوە.
لەو رووبەرەدا، ملیۆنان دار دەچێندرێن. زەیتوون و فستق دوو لەو دارانەن کە ئاودێریی زۆریان ناوێت، بۆ ئەم قۆناخە لە رێگەی ئاوی ژێرزەوییەوە ئاودەدرێن و دواتر 10 پۆندی ئاو و بەکارهێنانەوەی دووبارەی ئاوی قورس سەرچاوەی ئاودێرییان دەبێت.
نەمامی زەیتوون و فستق لە دەرەوە دەکڕدرێن. دوو داری بەردارن و لە داهاتوودا بەرەکەیان دەکرێتەوە تێچووی خزمەتکردنی پشتێنەی سەوزاییەکە.
گرنگییەکی دیکەی پڕۆژەکە بۆ ئەو زەوییانەیە کە دەکەونە پشت پشتێنەکەوە، بڕیارە تەنیا زەویی کشتوکاڵی بن و وەکو شوێنی نیشتەجێبوون بەکارنەهێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ