رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران دەڵێت، هەوڵدەدەن بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆران خەرج بکرێت، هەروەها لە کۆتایی مانگی 11شدا، مووچەی مانگی تشرینی یەکەم بنێردرێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە سەرجەم مووچە دواخراوەکان لە ئەم ساڵدا خەرج بکرێن.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-10-2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 9، 10، 11 و 12ـی ئەم ساڵی مووچەخۆران بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە و پێویستە عێراقیش ناردنی مووچە دواخراوەکانی کوردستان لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی خۆی رێکبخاتەوە.''
ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 8 مووچە دابەشکراوە. بەگوتەی رێباز حەملان، سوودانی بەڵێنی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە، سەرجەم مووچە دواخراوەکان لە ئەم ساڵدا خەرج بکرێن.
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''هەموو گوشارەکانمان چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی 11 و بەر لە هەڵبژاردن، مووچەی مانگی ئەیلوول بدرێت، هەروەها لە کۆتایی هەمان مانگدا، مووچەی مانگی 10ـش بنێردرێت.''
رێباز حەملان رەتیدەکاتەوە عێراق کێشەی نەختینەی هەبێ بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ''ئەی چۆن دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابین بکات، بەتایبەتی کاتێک تەنیا مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاترە و زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە.''
هەرچی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیران گوتی، ''بێگومان ناردنی ئەو دوو مووچەیەش دەبێ بکەوێتە مانگی 12. پلانەکەی ئێمە بەو شێوەیەیە، بەڵام هیوادارین عێراق بتوانێت پابەند بێت.''
رێباز حەملان لەبارەی ئەو 120 ملیار دینارەی کە مانگانە وەکو پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ گوتی: ''لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە کە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، مانگانە بەر لە هەر خەرجییەک، بەو داهاتەی بەردەستیانە، ئەو 120 ملیار دینارە کۆبکەنەوە''.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی رێباز حەملان:
رووداو: نزیک دەبینەوە لە سەری ساڵ، لەکاتێکدا چوار مووچە ماوە لە بەغداوە بنێردرێن. هیچ گەرەنتییەک هەیە ئەم ساڵ مووچەخۆران ئەو چوار مووچەیە وەربگرن؟
رێباز حەملان: لە رۆژی دەستپپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد. لەو تەلەفۆنەدا جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەڕێز سوودانی گوتبوو، ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان بە هەناردەکردنەوەی نەوت، داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەوە جێبەجێ کردووە، پێویستە ئێستا ئێوەش پابەندییەکانی خۆتان جێبەجێ بکەن و ئەو مووچانەی ئەم ساڵ کە ماون، هەموویان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە هەموو مووچەکان خەرج بکرێن، بۆیە ئێستا ئێمە لەڕێگەی هەموو ئەو پەیوەندییانەی جەنابی سەرۆکوەزیران هەیەتی، بەردەوام گوشار دەکات لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە رێگەی بەڕێز د. فوئاد حوسێن و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی، هەموو گوشاری خۆمان چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی 11 بەر لە هەڵبژاردن، مووچەی مانگی 9 بدرێت و لە کۆتایی مانگی 11 مووچەی مانگی 10 بدرێت.
ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان تەواو کردووە و پێویستە عێراقیش مووچە دواخراوەکان لەگەڵ مووچەی خۆیان رێکبخاتەوە، چونکە ئێستا لە عێراق مووچەی مانگی 10 دابەش دەکرێت، بەڵام ئێمە مووچەی مانگی 8ـمان وەرگرتووە و دوو مانگی جیاوازی هەیە.
بابەتێکی دیکە ئەوەیە عێراق ئەگەر باسی کێشەی دارایی خۆی بکات ئەی چۆن دەتوانێت مووچەکانی خۆی بدات؟ بەتایبەتی کاتێک تەنیا مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاترە و زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە. ئێمە مانگانە پێویستیمان بە 960 ملیار دینارە.
رووداو: باسی ئەوەتان کرد پلانەکە بۆ مانگەکانی 9 و 10 دانراوە، مانگەکانی 11 و 12 چی؟
رێباز حەملان: بێگومان ناردنی ئەوانیش دەبێ بکەوێتە مانگی 12ـوە. ئەوەی کە ئێمە دامانناوە بەو شێوەیەیە، بەڵام هیوادارین عێراق بتوانێت پابەند بێت، چونکە ئێمە پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە بۆیە پێویستە عێراقیش بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کردوومانە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. ئێمەش هیچ پابەندییەکمان نەماوە جێبەجێی بکەین.
سەبارەت بە 120 ملیار دینارەکەش لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە کە هەموو وەزارەتەکان و هەموو دامەزراوەکان، مانگانە بەر لە هەر خەرجییەک، ئەو داهاتەی بەردەستە، کۆ دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی 120 ملیار دینارەکە.
رووداو: 13 یان 14 رۆژمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، بڕیاری ناردنی مووچەی نوێش چەند رۆژێکی پێدەچێت. تاوەکو چەند گەشبینن مووچەی مانگی نۆ بەر لە هەڵبژاردن بدرێت؟
رێباز حەملان: هیوادارین سێشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 9 بدرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش راستەوخۆ ئەو 120 ملیار دینارەی پێویستە بینێرین بۆ داهاتی ناوخۆ، بینێرین بۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ