رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، هاوسۆزی خۆی بۆ مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی دەردەبڕێت و داوایەک ئاراستەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکات.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق رۆژی 28-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە نزیکەوە ئاگاداری خۆپێشاندان و گردبوونەوەکانی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانین. هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵیان رادەگەیێنین و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین شایستەکانیان خەرج بکات، ئاگای لەو چینە گرنگە بێت، نادادییە کۆژانەکانیان بێ چارەسەر بەردەوام بێت".
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەشڵێت، "هانی حکومەتی فیدراڵی دەدەین لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ لەخۆگرتنی داواکارییەکانیان و بەدواداچوون بۆ دۆزەکەیان بکات لەگەڵ حکومەتی هەرێم".
13ـی ئەیلوول، خوێندنی ساڵی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە (جگە لە پۆلی 12) و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوام ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ