رووداو دیجیتاڵ
مستەفا چاوڕەش دەڵێت، لەسەر داوای خۆی دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەکانی 70 بووە و لە کاری حیزبی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-11-2023، بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە، رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی مستەفا چاوڕەش، وەکو فەرماندەی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە سازکرا. مستەفا چاوڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لابردنم لەو پۆستە لەسەر داوای خۆم بووە؛ ساڵ و نیوێکە داوا دەکەم دەستبەرداری پۆستەکە ببم؛ دواجار ئەمڕۆ دەستبەرداری بووم و لە رێوڕەسمێکی فراواندا بە بەشداری کاک بافڵ تاڵەبانی و زۆرینەی فەرماندەکان رێز لە خەبات و کارەکانم گیرا."

لەبارەی ئەرکی داهاتوویەوە مستەفا چاوڕەش گوتی، "لە ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە خەباتی خۆم دەدەم."
بەرپرسی پێشووی هێزەکانی 70 ئاماژەی بەوەکرد، لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا بە فەرمی هیچ کەسێک لە جێگەی دانەنراوە و گوتیشی، "بێگومان ئەمڕۆ و سبەی کەسێک لەنێو برادەران کە شیاوی ئەو پۆستەبێت لە شوێنم دادەنرێت."

جگە لە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی 70 و 80 هەن؛ هێزەکانی 70 سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و هێزەکەی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و هیچیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ