کوردستان
مامۆستایەک لە قوتابخانەیەکی هەولێر وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن و هاوئاهەنگییان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی کارەساتە سرووشتییەکان و ئاگرکەوتنەوە و چۆنێتی خۆ رزگارکردن لێیان و وردەکاریی رێگەگرتن لەو رووداوانە بخرێتە نێو پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەت.
رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە هاوئاهەنگیداین و ئێمە پێشنیازمان بۆ کردوون بۆ ئەوەی کتێبێک ئامادە بکەین و لە ناوەندەکانی خوێندن بەتایبەت لە قۆناخی بنەڕەتی بخوێندرێت، کتێبەکە تایبەت بێت بە زانیاری و وردەکاریی کارەساتە سرووشتییەکان و رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و چۆنێتی رووبەڕووبونەوەیان".
موقەدەم کاروان میراودەلی گوتی، "لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر دانیشتووین و باسی ئەوەمان کردووە کتێبەکە ئامادەیە و لە قۆناخی یەکەمدا باشترە لە قۆناخی بنەڕەتی بخوێندرێت، ئەوانیش بەڵێنی هاوئاهەنگییان داوە". گوتیشی، "ئەگەر بیرۆکەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا پرۆگرامەکە ئامادەیە و دەتوانن لە چاپی بدەن و مامۆستایانی لەسەر رابهێنن".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاماژەی بۆ گرنگیی ئەو بابەتە کرد و گوتی، "دەبێتە هۆی رزگارکردنی ژیانی زۆر کەس و زانیاریدان بە قوتابیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ