کوردستان
وێنەی سەرۆک بارزانی لە شرنەخ هەڵواسراوە بۆ پێشوازی و لەسەری نووسراوە: بەخێربێن بۆ جزیری بۆتان
رووداو دیجیتاڵ
چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێ. پارێزگاری هەولێر دەڵێ: "سەرۆک بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە لە باکووری کوردستانە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ بە بەشداری سەرۆک بارزانی دەستپێدەکات."
پارێزگاری هەولێر لە جزیرێی باکووری کوردستانەوە بە رووداوی گوت: "زۆر خۆشحاڵین لە باکووری کوردستانین. بێگومان بەشداربوونی جەنابی سەرۆک گرنگیی خۆی هەیە، خەڵکی باکووری کوردستان و بەتایبەت خەڵکی جزیرێ دڵخۆشن کە سەرۆک و خۆشەویستی کوردستانییان سەرۆک بارزانی لێرەیە."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سیمپۆزیۆمەکەی ئەمڕۆدا، رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات."
پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدولڕەحیم ئاڵکش، سەرۆکی زانکۆی شرنەخ، 27ـی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو میوانانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشت کراوە.
سەرۆکی زانکۆی شرنەخ باسی لەوەش کرد، میوانێکی دیکەی سیمپۆزیەمەکە مونیر کارائۆغڵو، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیایە و گوتی، لە ئەکادیمیستەکانەوە تاوەکو رۆشنبیران، لە هونەرمەندانەوە تاوەکو بەڕێوەبەرە خۆجێیەکان، پەرلەمانتاران و سیاسەتڤانان، چەندین کەسایەتی لە سیمپۆزیەمەکەدا ئامادە دەبن.
مەلای جزیری، شای شاعیرانی کلاسیکی کورد
1570 - 1640
ناسنامە
ناوی تەواو: شێخ ئەحمەدی کوڕی مەلا محەممەد
ناسناو: مەلای جزیری، لە شیعرەکانیدا ناسناوی "نیشانی"یشی بەکارهێناوە
شوێنی لەدایکبوون: جزیرەی بۆتان، باکووری کوردستان
لەدایکبوون: دەوروبەری ساڵی 1570ی زایینی
کۆچی دوایی: دەوروبەری ساڵی 1640ی زایینی
پێگە و گرنگی
• دامەزرێنەر و پێشەنگی شیعری کلاسیکی کوردی، بە شێوەزاری کورمانجی.
• لە لووتکەی ئەدەبیاتی سۆفیگەری و عیرفانی کوردیدایە.
• کاریگەریی گەورەی لەسەر شاعیرانی دوای خۆی وەک ئەحمەدی خانی هەبووە.
خوێندن و ژیان
• لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی بە خوێندن کردووە.
• بۆ خوێندنی زانستە ئایینی و ئەدەبییەکان گەشتی زۆری کردووە؛ چووەتە هەکاری، ئامەد، سێرت و حەسکیف.
• دواجار گەڕاوەتەوە بۆ جزیرەی بۆتان و لە "مەدرەسا سوور" وانەی گوتووەتەوە.
دیوانی جزیری
• خاوەنی دیوانێکی شیعریی دەوڵەمەندە.
• شیعرەکانی تێکەڵەیەکی ناوازەن لە "عیشقی ئیلاهی" و "عیشقی مرۆیی".
• خۆشەویستەکەی ناوی "سەلما" بووە کە لە شیعرەکانیدا وەک سیمبوولی جوانی و عیشق دەردەکەوێ.
• شانازیی زۆری بە کوردبوونی خۆیەوە کردووە.
چەند دێڕێکی بەناوبانگی:
گولێ باغێ ئیرەمێ بۆتانم
شەبچراغێ شەبێ کوردستانم
چ تەبیعەت بەشەر و ئینسانم
لله الحمد چ عالی شانم
د رییا یارێ ل رێزا سانم
لەو د ئیقلیمێ سوخەن خاقانم
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ