رووداو دیجیتاڵ
خزمەتگوزاریی نەخشەی جیهانیی گووگڵ (Google Maps) سنووری جوگرافیای هەرێمی کوردستانی دەستکاری کرد و بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی خستە نێو چوارچێوەی نەخشەکەوە. گەنجێکی کورد دەڵێ، ئەو گۆڕانکارییە بە دەستپێشخەریی ئەو بووە، ساڵانێکە کار لەسەر ئەم پرۆژەیە دەکات و سەرەتا هەوڵی داوە لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەو کارە بکرێت، داواش دەکات "حکومەت خاوەندارێتیی گۆڕانکارییەکە بکات و هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵ بکات بۆ پارێزگاریکردن لە نەخشەکە."
کەرکووک و خانەقین لە چوارچێوەی نەخشەی هەرێمی کوردستان دا
بەگوێرەی دوایین وەشان، کاتێک لە گووگڵ ماپس گەڕان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەی، سنوورەکە بە شێوەیەک کێشراوە کە شار و شارۆچکەکانی وەک کەرکووک، خانەقین، پردێ، خورماتوو، مەخموور، گوێڕ و باشیک دەگرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر گووگڵ لە مانگی ئەیلوولدا سنوورێکی بەرتەسکتری بۆ هەرێمی کوردستان دانابوو کە تەنیا پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەی دەگرتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، هێشتا قەزای شنگال و دەوروبەری لە سنووری پارێزگای نەینەوا نەخراونەتە نێو ئەم نەخشە نوێیە.
دیار بەکر، گەنجێکی دانیشتووی شاری کەلارە و شارەزای نەخشەی دیجیتاڵییە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، لە ساڵی 2017ەوە وەک خۆبەخش کار لەگەڵ گووگڵ و ئەپی وەیز (Waze) دەکات و ئەمڕۆ شەممە 29-11-2025 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی پرۆسەکەی ئاشکرا کرد.
دیار دەڵێت، "سەرەتا کە دەستم پێکرد، نەخشەی شارەکانی کوردستان زۆر هەژار بوون و زۆربەی ناوەکان بە زمانی عەرەبی نووسرابوون. لە رێگەی پرۆگرامی (Waze)ـەوە کە سەر بە کۆمپانیای گووگڵە، دەستم کرد بە راستکردنەوەی داتاکان و گۆڕینی ناوەکان بۆ کوردی و لاتینی کە دواتر ئەم داتایانە راستەوخۆ بۆ گووگڵ ماپس گوێزرانەوە."
دیار بەکر دەڵێ، خاڵی وەرچەرخانەکە لە ئەیلوولی ئەم ساڵ بوو، کاتێک بەشداری لە کۆڕبەندێکی تایبەتی گووگڵ و وەیز لە پۆڵەندا کرد و لەوێ رووبەڕوو داوای لە بەرپرسانی گووگڵ کرد کە سنووری هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە دیاری بکرێ کە ناوچەی مێژوویی کوردن، نەوەک تەنیا سنوورە یەکەی کارگێڕیی فەرمی.
دیار گوتی، "دوای ئەوەی لە مانگی شەش داوای (Polygon)ـی هەرێمی کوردستانم کرد، سەرەتا سنوورەکەیان زۆر بەرتەسک کێشا، بەڵام من رەتمکردەوە و داوای فراوانکردنیم کرد. لە پۆڵەندا پێیان گوتم نموونەی نەخشەکەمان بۆ بنێرە، هەرچەندە بەڵێنی سەد لە سەدیان نەدا، بەڵام دواجار لە مانگی یازدە پەسندیان کرد."
"دەبێت حکومەت کاری زیاتر بکات"
ئەو گەنجە کوردە دەڵێ، پێویستە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری زیاتر لەو بارەوە بکەن و گوتی: "بە تەنیا و بە هەوڵی کەسیی خۆم ئەو کارەم کردووە".
دیار هیوا دەخوازێ حکومەت بێتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و نەخشەکە جێگیر بکرێ و پارێزگاری لێ بکرێت.
سەبارەت بە نەبوونی شنگال لە نەخشە نوێیەکەدا، دیار بەکر گوتی، ئەوە کێشەیەکی تەکنیکییە و پەیوەندی بەو "پۆلیگۆن"ـەوە هەیە کە پەسند کراوە.
ئەو هاونیشتمانییە بەڵێنی دا کە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبن و لە ئەپی وەیز و گووگڵ کار دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سنوورەکە درێژ بکرێتەوە و شنگال و ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی گووگڵ ماپس بە رووداوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ناساندنی جوگرافیای کوردستان لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی کە بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عێراق وەک ناوچەی جێناکۆک دەناسرێن و چارەنووسیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ