رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بووە هۆکاری بڕینی کارەبای زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێ: "لەمڕۆوە کارکردنی موەلیدەکان دەستپێدەکەینەوە".
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی 26ـی ئەم مانگەوە 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە و رۆژانە نزیکەی پێنج کاژێر کارەبا دەدرێتە هاوبەشان.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوامان کرد بە لایەکدا بخرێین؛ یان موەلیدەکان کاربکەن یان تەواو لایانببەین. ئەوەبوو لەسەر داوای قایمقام، بەڕێوەبەری کارەبا و جێگری پارێزگاری سلێمانی بڕیاری کارکردنمان درا".
570 موەلیدە لە شاری سلێمانی دا هەن. عوسمان محەممەد گوتی: "لە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 04:00ـەوە موەلیدەکانمان کاردەکەن تاوەکو 12:00ـی شەو، تاوەکو دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
لە سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییەوە زۆرینەی گەڕەکەکانی سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بێ کارەبای نیشتمانی بوون.
لەبارەی پارەی کرێی موەلیدەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدەکانی سلێمانی گوتی: "هێشتا شێوازی پارەدانمان روون نەکراوەتەوە".
لە هەولێر و دهۆک بەشێکی موەلیدەکان گرێبەستی پڕۆژەی رووناکییان ماوە و کاردەکەن و بەشێکیان کار ناکەن. لە هەڵەبجە گرێبەستی موەلیدەکان سبەی دوایی رۆژی دەبێت و 01ـی مانگی داهاتوو کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ