رووداو دیجیتاڵ
دوای 17 مانگ لە گیانلەدەستدانی، تەرمی گەنجێکی کورد گەڕێندرایەوە رانیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی. گەنجەکە بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانی لەدەستدابوو و باوکی دەڵێ، لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕێندراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 29-11-2025، تەرمی هەردی کارۆخ، ئەو گەنجە تەمەن 16 ساڵانەی حوزەیرانی پار لە رێگەی ئەورووپا بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە خنکا، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە.
کارۆخ ئیسماعیل، باوکی هەردی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''کوڕەکەی منیش هیوای ئەوەی هەبوو خۆی بگەیێنێتە ئەورووپا بۆ ئەوەی ژیانێکی باش بۆ خۆی و ئێمە دابین بکات، بەڵام بەداخەوە خودای گەورە دەرفەتی پێنەدا و بەلەمەکەیان لەنێوان یۆنان و ئیتاڵیا بە 76 کۆچبەرەوە نوقم بوو کە تەنیا 10ـیان رزگاریان بوو.''
کارۆخ ئیسماعیل زۆر بە شوێن تەرمی کوڕەکەیدا گەڕا و لە 20ـی نیسانی 2025 چووە ئیتاڵیا و ئەو نەخۆشخانەیەی دۆزییەوە کە پشکنینی DNAـی ئەو کەسانەی لێبوو کە 17-6-2024 خنکابوون. باوکی هەردی دەڵێ: ''لە رێگەی پشکنینی DNAـیەوە توانیم کوڕەکەم بدۆزمەوە.''
باوکی هەردی دەڵێ، دوای دۆزینەوەی گۆڕی کوڕەکەی، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەستیان بە هاوکاریکردنی کرد بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی.
کارۆخ ئیسماعیل سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کوڕەکەی و دەڵێت، لە گوندی مێکوکەی ناحیەی سەرکەپکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەخاک دەسپێردرێ.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لەکاتی گەڕانەوەی تەرمی هەردی کارۆخ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ 7 گەنج لە رێگەی کۆچدا بوونەتە قوربانی کە تەرمی سێیانیان گەڕێندراوەتەوە کوردستان.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا گوتی، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کۆچبەری کورد بێسەروشوێنن و ''داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە هاوئاهەنگیی عێراق هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان.''
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەرووپا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە نزیکەی هەزار و 500ـیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ