رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، دەستکراوە بە گواستنەوەی ئەو بڕە گازە شلەی لە کۆگەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆردا مابووەوە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان.
رووداو زانیویەتی، گواستنەوەی ئەو بڕە گازە بە مەبەستی بەتاڵکردنی کۆگەکانی کێڵگەکەیە بۆ ئەوەی تیمەکانی چاککردنەوە بتوانن بێ مەترسی کار لەسەر ئەو زیانانە بکەن کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سێ رۆژ لەمەوبەر دروستبوون و بوونە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنان.
رووداو زانیویەتی، ئەو بەرهەمە شلانەی لە کۆگەکان ماونەتەوە دەگوازرێنەوە، بەڵام هێشتا وێستگەی بەرهەمهێنانی گازی شل دەستی بە کارەکانی نەکردووەتەوە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە نزیک کێڵگەکە رایگەیاند، رۆژی شەممە 8 تانکەر بە بارێکی تەواوی گازی شلەوە، کێڵگەکەیان بەرەو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە.
یوسف نووری، شۆفێری تانکەر بە رووداوی گوت: "کاژێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە بۆ بارکردنی گاز. وەک هەر رۆژێکی ئاسایی چووین و گازمان بارکرد."
ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی چاککردنەوە هێشتا سەرقاڵی چاککردنەوەی ئەو زیانانەن کە بەهۆی هێرشەکەوە بەر کۆگەکانی کێڵگەکە کەوتوون.
کۆرمۆر سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی شل و گازی سرووشتییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، هێرشەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی نزیکەی 80%.
ئەمڕۆ وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا باسیان لەوە کرد, "زۆربەی كێشە تەكنیکییەكانی دانەگاز چارەسەر كراون و هەر کاتێک دەست بە گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا كرا، هاووڵاتیانی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە."
بە گوتەی دوو وەزارەتەکە، ئەمڕۆ تیمەکانی حکومەت "لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانەگاز سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی بەرهەمهێنان بوون، کە زۆربەی كێشەكان بەرەو چارەسەرکردن چووە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بکرێتەوە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا."
راگەیێندراوە هاوبەشەکە دڵنیایی دەدات لەوەی "هەر بە دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی گاز راستەوخۆ بۆ وێستگەکانی کارەبا دەگوازرێتەوە و هاووڵاتیانی کوردستان لە هەر پێشوەچوونێکی پرۆسەکە ئاگادار دەکەینەوە."
کێڵگەکە دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لەلایەن پێرڵ پترۆلیۆمەوە بەڕێوەدەبرێت کە کۆمپانیاکانی دانە گاز و کرێسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی لەخۆدەگرێت.
وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێناوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامە سەرەتاییەکان رابگەیێنن. هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
لە ساڵانی رابردوودا دەیان جار ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج؛ بەرپرسانی کورد هێرشەکان دەخەنە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ