رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان وردەکاریی داتاکانی ساڵی 2025 بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ سیستمی ئەسیکۆدا زیانی سەدان ملیۆن دۆلاری لە بازرگانیی هەرێمی کوردستان داوە و قەبارەی هاوردەکردن سەرووی سێ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە. هاوکات وادەی قۆناخی دووەمی بەئەلکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک و مەرجە نوێیەکانی رادەگەیەنێت و هۆشداریش دەدات لەوەی بەغدا بە "ئەنقەست" بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات.
نەوزاد شێخ کامیل، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو و تەواوی ئامارەکانی پەیوەست بە پسوولەی خۆراک، پارەی گەنم، جووڵەی بازرگانی و چاودێریی بازرگانی خستەڕوو.
ئەسیکۆدا و زیانی سەدان ملیۆن دۆلار لە سێکتەری بازرگانی
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی لە سەرەتای ساڵدا بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لەلایەن بەغداوە بۆ ماوەی دوو مانگ جووڵەی بازرگانی سستی تێکەوت و زیاتر لە 300 ملیۆن دینار زیانی هەبووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی ساڵ ئاڵوگۆڕەکە بەرزتر دەبێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل بە رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2025دا، 2234 مۆڵەتی هاوردەکردن درابوو بە بەهای 3 ملیار و 609 ملیۆن دۆلار، بەڵام ساڵی 2024 ژمارەی مۆڵەتەکان 2745 مۆڵەت بووە بە بەهای 4 ملیار و 661 ملیۆن دۆلار، بەڵام تاوەکو کۆتایی ساڵ هاوتا دەبێتەوە."
سەبارەت بە ریزبەندیی دەروازەکان بۆ پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل پشکی شێری بەردەکەوێت و لە پلەی یەکەمە، دواتر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دێت کە 190 مۆڵەتی تێدا دراوە، پاشان دەروازەی باشماخ و حاجی ئۆمەران و لە پلەی پێنجەمیش فڕۆکەخانەی سلێمانی دێت و پاشان پەروێزخان."
"بەغدا بە ئەنقەست بازرگانی لە پەروێزخان لاواز دەکات"
لەماوەی رابردوودا بەشێکی بارزگانان و خاوەنکاران گلەییان لەوە دەکرد، حکومەتی عێراق کار بۆ وشککردنی سەرچاوەی داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، تەنیا 92 مۆڵەتی بازرگانی دراوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە. هۆکارەکەی ئەوەیە بەغدا لە دەروازەی مونزرییە (خوسرەوی) بە ئەنقەست کارئاسانیی نایاسایی بۆ بازرگانان دەکات و رێنماییەکان جێبەجێ ناکات، بۆ ئەوەی بازرگانان لە پەروێزخان بکشێنەوە و بچنە ئەوێ، لەکاتێکدا بە ئێمە دەڵێن دەبێت رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکەن."
سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەیەکی باڵا لەنێوان گومرگ و وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە لە گفتوگۆی بەردەوامین لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوان بەردەوام کێشە و ئاستەنگ بۆ بارزگانانی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن."
105 مۆڵەتی هەناردەکردن
لەبارەی هەناردەکردنی کاڵا و شمەک لە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ژمارەی مۆڵەتەکانی هەناردەکردن بەراورد بە هاوردەکردن زۆر کەمە و ئەمساڵ 105 مۆڵەت دراوە، بەڵام هەوڵی حکومەت ئەوەیە لە سێکتەرە جیاوازەکان قەبارەی بارزگانی و هەناردەکردن بەرزبکاتەوە و ئێستا زۆرتر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک (پەتاتە، هەنار، هەنگوین و سێو). هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.
"هێشتا بەغدا 240 ملیار دیناری جووتیارانی نەناردووە"
سەرەڕای کۆتاییهاتنی وەرزی وەرگرتنی گەنم لە 19ی تەممووزەوە، هێشتا بەشێکی زۆری پارەی جووتیاران خەرج نەکراوە.
نەوزاد شێخ کامیل بۆ رووداو گوتی: "ئەم ساڵ 386 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا تەنیا دوو بڕە پارە هاتووە (57 ملیار و 15.5 ملیار دینار). بڕیاربوو 500 ملیار دیناری دیکە بنێردرێت، بەڵام بەپێی حساباتی ئێمە، هێشتا 240 ملیار دیناری پارەی جووتیاران لای بەغدا ماوەتەوە."
گوتیشی: "ئەم دواکەوتنە کاریگەریی خراپی لەسەر جووتیاران هەیە کە ئێستا سەرقاڵی وەرزی نوێی چاندنن، هەموو هەوڵیکمان ئەوەیە پێش ساڵی نوێ پارەی گەنمی جووتیاران بنێردرێت."
قۆناخی دووەمی پسوولەی خۆراک؛ مانگی 12 دەستپێدەکات
سەبارەت بە پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی رایگەیاند کە 93.91٪ی دانیشتووان (نزیکەی 5.5 ملیۆن کەس) تۆمارکراون، لە قۆناخی یەکەم زیاتر لە 740 هەزار هاووڵاتی مابوون، بەڵام ئیستا بەگوێرەی داتاکان تەنیا 294 هەزار و 432 کەس ماون خۆیان تۆمار بکەن.
رێژەی خۆتۆماردن لە پسوولەی ئەلیکترۆنی بەم شێوەیەیە:
• هەڵەبجە: 96.80٪
• سلێمانی: 93.68٪
• هەولێر: 94.14٪
• دهۆک: 93.67٪
بەگشتی لە هەرێمی کوردستان: 93.91٪ی هاووڵاتیان خۆیان تۆمار کردووە.
لەبارەی قۆناخی دووەمەوە، نەوزاد شێخ کامیل زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد:
- وادەی دەستپێکردن: مانگی 12ی 2025.
- خزمەتگوزارییەکان: زیادکردنی منداڵ، گواستنەوە، جیابوونەوە و تۆماری نوێ.
- میکانیزم: لەرێگەی ئەپڵیکەیشن و مۆبایلەوە دەبێت و پێویست بە سەردانی فەرمانگە ناکات.
- تێچوو: پارەکە بە کاش وەرناگیرێت، دەبێت هاووڵاتی "ماستەرکارت"ـی هەبێت یان لەرێگەی کارتی کەسێکی دیکەوە پارەکە بدات.
کێشەی "گلۆتین" لە ئاردی بەشەخۆراک
لەبارەی گلەیی هاووڵاتیان لە جۆری ئارد، نەوزاد شێخ کامیل دانی بە بوونی کێشەیەکدا نا و گوتی: "کێشەکە پەیوەندی بە جۆری گەنمی کوردستانەوە هەیە کە مادەی 'گلۆتین' (پێز)ـی کەمە، ئەمەش وادەکات هەندێکجار بۆ نان کێشە دروست بکات، بۆیە زۆرجار ناچارین ئاردی سفری تێکەڵ بکەین."
ئاشکراشی کرد، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ساڵ 10 بەشە ئارد و 8 بەشە خۆراک دابەش بکەن. ئێستا خەریکی دابەشکردنی بەشە ئاردی نۆیەمین و 80٪ی تەواوبووە.
بەغدا پارەی چاککردنەوەی کۆگەکان خەرج ناکات
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پارەیەی خۆراک کە لە هاووڵاتیان وەردەگیرا لە ساڵی 2022ـەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام حکومەتی عێراق هیچ پارەیەک بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کۆگەکان خەرج ناکات.
گوتیشی: "زۆرجار سەقف و کارەبای کۆگەکان تێکدەچن و پارە نییە چاکی بکەینەوە، ناچار دەست بۆ پارێزگاکان و ئەنجوومەنی وەزیران درێژ دەکەین. بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش بڕیارمان داوە لەگەڵ هەر سایلۆیەکی نوێ، 10 کۆگە لەگەڵ سایلۆکەدا دروست بکەین."
42 هەزار سەردان و نیو ملیار دینار سزا
یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بارزگانی، چاودێری نرخ و کۆنترۆڵی بازاڕە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەماوەی ئەمساڵدا، زیاتر لە 42 هەزار سەردانی مەیدانی بازاڕەکانیان کردووە، لە سەردانەکانیان زیاتر لە نیوملیار دینار سزای سەرپێچیکاران دراوە و زیاتر لە 742 تۆن کاڵای خراپ و ماوەبەسەرچوویش لەنێوبراون.
ئاماری چاودێریی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان 2025:
-سەردانی مەیدانی: 42 هەزار و 715 سەردانی مەیدانی کراوە.
- سزادان: 1734 حاڵەت.
- بڕی سزای سەرپێچی: 509 ملیۆن و 116 هەزار دینار سزای سەرپێچیکاران دراوە.
- داخستن: 237 مارکێت و کۆگا داخراون.
-خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو: 742 تۆن و 843 کیلۆگرام خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەنێوبراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ