رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی رێگەی گوێڕ دەڵێت، "چیتر رێگە نادەین سوود لە نیازپاکیی دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگێرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ماوەیەکە لە "لایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە".
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، دوای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی غاز بۆ دابین کردنی کارەبا بەکارهێنا، "بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ رێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتییانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و رێبوارانی ئەو رێگایەدا کرد".
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، "لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاووڵاتییەک بووە قوربانی و گیانی لە دەستدا و ژمارەیەک کەسی تریش بریندار بوون".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چیتر رێگە نادەین سوود لە نیازپاکیی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگێرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت".
وەزارەتەکە دەڵێت، "بۆ راگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەرووی یاسا نیە".
دەقی راگەیێندراوەکە:
راگەیاندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆوە سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکانی سەر رێگای گوێڕ-هەولێر
ماوەیەکە لە لایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بە بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە. دوای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی غاز بۆ دابین کردنی کارەبا بەکارهێنا، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ رێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتیانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و رێبوارانی ئەو رێگایەدا کرد.
لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاووڵاتییەک بووە قوربانی و گیانی لە دەستدا و ژمارەیەک کەسی تریش بریندار بوون.
چیتر رێگە نادەین سوود لە نیازپاکیی دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگێرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت. بۆ راگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەرووی یاسا نیە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ