رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی کارمەند و تەکنیککارانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی گازی شلی ماڵان (LPG) هەناردەی شارەکان کرا. شۆفێرێک لە کێڵگەکە دەڵێ، وەک پێش هێرشەکە گازیان بارکردووە و هیچ کێشەیەکیان نەبووە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی گازی شلی ماڵان کە هەشت تانکەر بوون وەک تێست لە کێڵگەوەکەوە هەناردەی شارەکان کران.
یوسف نووری، یەکێک لە شۆفێری تانکەرەکان لە کۆرمۆر بە پەیامنێری رووداوی گوت: "کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوە کردین بچین گازی شل باربکەین. ئێمەش وەکو رۆژانی ئاسایی چووین و گازمان بارکرد".
ئەو شوفێرە گوتی: "شوێنێکی گەورە کراوەتە ئامانج و سووتاوە، ئێستا تیمەکان سەرقاڵی کارکردنن تێیدا، ئەویش کۆگایەکی نەفتایە، تاوەکو ئێستا لای ئەوان بارکردنی ئەو نەفتایە دەستیپێنەکردووەتەوە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، "پێدەچێ ئەمڕۆ داوا لە کۆمپانیای دانە گاز بکرێ، بە فەرمی دەستبکاتەوە بە بەرهەمهێنانی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا".
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی 80% کەمیکردووە.
لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەتەوە، بەهۆی کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکیشەوە، لە زۆرینەی سەنتەری پارێزگاکان موەلیدەکانیش کارناکەن.
ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتەسەر، ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە. بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو، بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ