رووداو دیجیتاڵ
تەرمی کەسێک لە نزیک ناحیەی دارەشەکران لە سنووری هەولێر دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تەرمی هاووڵاتییەکی کریستیانە.
ئەمڕۆ هەینی، 29-12-2023، شایەتحاڵێک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دەڤەری زرارەتی و نزیک گوندی خاڵوان سەر بە ناحیەی دارەشەکران تەرمی پیاوێک دۆزراوەتەوە کە گوللەی بەرکەوتووە.
لەوبارەیەوە کامەران حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەکران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەسەکە کریستیانە و بە گولـلەی دەمانچە گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەشەکران ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر رێگەیەکی سەرەکی و نزیک ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە خۆی کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و دەمانچەیەکیش لە تەنیشتییەوە دۆزراوەتەوە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە کامەران حەسەن گوتی، لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادپزیشکی تەواو ببێت، روون دەبێتەوە، کە ئەو کەسە کوژراوە یاخود خۆی کوشتووە.
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ