رووداو دیجیتاڵ
لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفربارین بەردەوامە و بەوهۆیەوە سبەی لە زۆربەی قوتابخانەکان پشووە.
چەند رۆژێکە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شاری مەریوان لە پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرایەتییەکە، سبەی سێشەممە (30ی کانوونی یەکەمی 2025) لە سەرجەم قوتابخانەکانی دەوامی بەیانیانی و ئێواران خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.
لە پارێزگای ئیلام بە بڕیاری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە، لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە خوێندن ئۆنلاین دەبێت؛ هەروەها دەوام لە دامودەزگە و فەرمانگەکانی حکومەت دوو کاژێر درەنگتر دەستپێدەکات.
لە پارێزگای ورمێش، لە قوتابخانەی شارەکانی ورمێ، پیرانشار، ماکۆ، بۆکان، سەردەشت، نەغەدە، شنۆ، چاڵێدران و میراوێ سبەی سێشەممە پشووە.
تاکو ئێستا پارێزگاکانی لوڕستان و کرماشان لە بارەی پشووی قوتابخانەکانەوە هیچ بڕیارێکیان نەداوە.
لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەپێی کەشناسیی ئێران، کەشەکە تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ