رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکی فەرمیدا سەرجەم شۆفێران و دانیشتووانی شاری سلێمانی ئاگاداردەکاتەوە کە بەهۆی کەشوهەوا و ئەگەری مەترسییەوە، رێگەکانی سەرکەوتن بۆ شاخی گۆیژە و دەوروبەری بە تەواوی داخراون. قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێ، بۆ کاری پێویست نەبێت، هاونیشتمانییان رێگەی بانی مەقان – تەکیە بەکارنەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە ئەم ئێوارەیە بڵاویکردەوە، گوتی، بە هیچ شێوەیەک هاتووچۆکردن بە ئاراستەی شاخی گۆیژە، دۆڵە میران و شاخی ئەزمڕ رێگەپێدراو نییە.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، هاتووچۆ تەنیا تاوەكو فلکەی کوردسات کراوەیە و لەو خاڵەوە بەدواوە، سەرکەوتن بەرەو دۆڵە میران، شاخی گۆیژە و تونێلی پێشڕەو بەتەواوی راگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ دروستبوونی ئاستەنگی زۆر و قەرەباڵخییەکی تووندی هاتووچۆ گەڕاندەوە کە دەبێتەهۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەلامەتیی گیانی هاونیشتمانییان.
هاوکات ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوا لە هاونیشتمانییان و شۆفێران دەکەن کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە خۆیان لە بەکارهێنانی رێگەی نێوان بانی مەقان و تەکیە بەدوور بگرن، ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست و بەپەلە نەبێت.
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ، تیمەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەرکدان و بەشێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ