لە بانە و سەقز 300 ستوونی کارەبا کەوتوون و کارەبای 150 گوند بڕاوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە زیاتر لە 300 ستوونی کارەبا لە شارەکانی بانە و سەقز تێکشکاون و کارەبای 150 گوندی سەر بەو دوو شارە بڕاوە.
 
محەممەدسەعید سوڵتانی، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای سنە، شەوی یەکشەممە بە میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەو بەفرە زۆرەی لە ناوچەکە باریوە، قورساییەکی زۆر کەوتووەتە سەر هێڵی کارەبای پارێزگاکە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 300 ستوونی کارەبا لە سنووری شارەکانی بانە و سەقز کەوتوون.
 
محەممەدسەعید سوڵتانی گوتی، بەفربارینی زۆر و شکانی ستوونەکانی کارەبا بووە هۆی بڕانی کارەبا لە 200 گوندی بانە و 50 گوندی سەر بە شاری سەقز. تاوەکو ئیستا بە هەوڵدانی تیمەکانی کارەبا کێشەی کارەبای 100 گوند چارەسەر کراوەتەوە و کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا 150 گوند بێ کارەبان.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای سنە دەڵێت، تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن و هەوڵ دەدەن بە زووترین کات کارەبا بگەڕێننەوە بۆ ماڵەکان.
 
دەشڵێت، بەهۆی داخرانی رێگەی گوندەکانی ناوچەکە، کارکردنی تیمەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و چاککردنی تۆڕی کارەبا لە سەقز و بانە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە