هاوپەیمانیی عەزم: بەربژێرکردنی هەیبەت حەلبووسی کودەتا بوو بەڵام لە ئەنجوومەنی سوننەکان ناکشێینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی عەزم، دوور لە بڕیاری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، موسەننا سامەڕایی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر دەکات. بە گوتەی بەرپرسێکی ئەو هاوپەیمانێتییە، لە ئەنجوومەنەکە ناکشێنەوە ئەگەرچی دیاریکردنی هەیبەت حەلبووسی لەلایەن چوار لایەنەکەوە وەک بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان، بە "کودەتا" وەسف دەکات.
 
شەوی 28ی کانوونی یەکەمی 2025، چوار لایەنی نێو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە، هەیبەت حەلبووسی-یان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد، لایەنی پێنجەم کە هاوپەیمانیی عەزم بوو، بە جیا موسەننا سامەڕایی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد.
 
عەلی بەیدەر، یەکێک لە رێپێدراوانی هاوپەیمانیی عەزم بۆ لێدوانی رۆژنامەڤانی، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی رایگەیاند: "ناڕازیبوونی هاوپەیمانێتییەکەی لە شێوازی بەربژێرکردنی هەیبەت حەلبووسی، وا ناکات کە هاوپەیمانیی عەزم لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە بکشێتەوە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین کە کەسی یەکەمی لایەنەکان بەربژێر بن بۆ ئەو پۆستە، ئەوەی کرا کودەتا بوو."
 
سوننەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 70 کورسییان هەیە و پشکی هاوپەیمانیی عەزم 15 کورسییە.
 
موسەننا سامەڕایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پەیڕەوی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی لە چەند بڕگەیەکدا دیاریکراوە، کە دەبێت هەموو بڕیارەکانی بە سازان بێت لەنێوان سەرجەم پێکهێنەرانی ئەنجوومەنەکە. هەر بەربژێرێک راگەیینرا بێت، نوێنەرایەتیی ئیرادەی نیشتمانیی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی ناکات".
 
ئەمڕۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوە دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی. سوننەکان بە دوو بەربژێر رکابەری لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی ئەو پێکهاتەیەیە.
 
عەزام حەمدانی، کە یەکێکی دیکەیە لە رێپێدراوانی هاوپەیمانیی عەزم بۆ لێدواندان، بە رووداوی گوت: "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکەین بۆ ئەوەی دەنگ بە بەربژێرەکەمان بدەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە